جەعفەر شێخ مستەفا: ئەرکی حکومەتی هەرێم و عێراقە سەروەری وڵات بپارێزن

کوردستان 18/09/2023

لەلایەن: محەمەد سەردار

Alternate Text

جەعفەر شێخ مستەفا رایگەیاند، ئەرکی سەرشانی لایەنە پەیوەندیدارەکانە لە حکومەتیی هەرێم و عێراقی فیدراڵ، کە شکۆ و سەروەری خاک و نیشتیمان بپارێزن و ڕێگربن لە دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشە تیرۆریستیانەدا.

جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد:" بە توندی و بەوپەڕی نیگەرانییەوە ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییەی سەر فرۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی دەکەم، کە بە داخەوە لەم کردە تیرۆریستیەدا شەش پێشمەرگە لە هێزەکانی دژەتیرۆری کوردستاندا شەهید و بریندار بوون ".

ئەوەشی خستەڕوو:" بۆ هەموو لایەکمان ڕوونە کە ئامانج لەو کردەوە پڕ لە شەرمەزاری و ترسنۆکانەدا تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستانە ".

جێگری سەرۆکی هەرێم وتیشی:" ئەرکی سەرشانی لایەنە پەیوەندیدارەکانە لە حکومەتیی هەرێم و عێراقی فیدراڵ، کە شکۆ و سەروەری خاک و نیشتیمان بپارێزن و ڕێگربن لە دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشە تیرۆریستیانەدا، بۆ ئەوەی چیتر ناوچەکەمان نەبێت بە قوربانی ململانێ ناوچەییەکان و کێشە نێودەوڵەتییەکان ".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە:" بەم بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆم بۆ ئەم سێ شەهیدە قارەمانەی دژەتیرۆری کوردستان ڕادەگەیەنم کە گیانیان پێشکەش بە خاکی پیرۆزی کوردستان کرد، داواکارم لە یەزدان دڵنەوایی و ئارامی ببەخشێ بە خانەوادە و کەسوکاریان، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم ".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا