مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە پەیامێکدا بەهۆی هێرشەکەی ئەمڕۆ رایگەیاند، چیتر نابێت حکومەتی عێراق لە ئاست ئەم پەلاماردانە ترسنۆک و دوژمنکاریانەی داگیرکەراندا بێدەنگی هەڵبژێرێت.
ئەمشەوی دووشەممە، مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند:" هێرشی دوژمنکارانەی سەر فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت ، هێرشە بۆ سەر تێکرای هەرێمی کوردستان و بەشێک لە سنووری کۆماری عیراقی فیدرال".
باسی لەوەش کردووە:" کردەوە پڕ لە تاوان و دوژمنکاریەکەی ئەمرۆ بۆ سەر فڕۆکەخانەی کشتوکالیی عەربەت سنور بەزاندنێکی لە ڕادەبەدەری هەرێمی کوردستانەو جێبەجێکردنی ئەو پیلانە دژ بە مرۆڤایەتیەیە کە بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە گشتی و سنوری سلێمانی بە تایبەتی دارێژراوە ".
راشیگەیاندووە:" ئێمە وێرای ئیدانەی توندی ئەو تاوانە تەئکید لە پێویستیی یەک ریزی و یەکهەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان دەکەینەوە بۆ بەرەنگاری مەترسییەکانی سەر هەرێمەکەمان، ئەم جۆرە پەلاماردانە دوژمنکاریانەی سەر هەر بستێکی هەرێمی کوردستان بە پەلاماردان بۆ سەر بەشێکی جوگرافیای عیراقیش دەزانین".
مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت:" پەلاماردانی هەر یەکەیەکی هێزەکانی هەرێمی کوردستان کە لە پێکهاتەی هێزە چەکدارەکانی عێراق و لە دەستوری هەمیشەییدا بە رەسمی ناسێندرابێتن مانای پەلاماردانە بۆ سەر مەنزومەی ئەمنی و سەربازی عیراقیش".
ئاماژەی بەوەش کردووە:" جارێکی تر داوا و تەئکید لە حکومەتی فیدرالی عیراق دەکەینەوە کە چیتر نابێت لە ئاست ئەم پەلاماردانە ترسنۆک و دوژمنکاریانەی داگیرکەراندا بێدەنگی هەڵبژێرن و دوژمنان بە وڵاتەکەمان خۆش بکەن.
بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاسیی و دیبلۆماسیانەو سەرکۆنەکردنی ئەم پەلامارانە داوا لە کۆمەڵگای نێودەولەتی و ناوەندە ئازادیخوازەکانی دونیا دەکەین کە هاودەنگمان بن لە گەیاندنی پەیامی ریسوا کردنی ئەم جۆرەتاوانانەو بکەرەکانیان کە بونەتە هەرەشە و مەترسی بۆ سەر تێکرای مرۆڤایەتی".
ئەوەش هاتووە:" هەر لێرەوە برسە و ماتەمینی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری شەهیدەکان دەکەین کە لە پێناوی بەرگری و پاراستنی ئارامی و ئۆقرەیی هەریمەکەماندا گیانیان بەخشی، هیوای هەرچی زوو چاکبونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین، ریسوایی بۆ پەلاماردەرانی وڵاتەکەمان".