سەرۆكایەتی كۆماری عێراق: لەسەر هێرشەكەی فڕۆكەخانەی عەربەت، باڵیۆزی توركیا بانگهێشت دەكەین

عێراق 19/09/2023

لەلایەن: زامۆ بەکر

Alternate Text

سەرۆكایەتی كۆماری عێراق رایگەیاند، لە هێرشێكی ئاسمانیدا فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەتی سلێمانی كردە ئامانج و ئەمەش بە تەواوەتی دژی یاسا نێودەوڵەتییەكان و ناتەبایە لەگەڵ پرەنسیپەكانی دراوسێیەتی هاوسنوریدا و لەسەر ئەم پرسەش باڵیۆزی روسیا بانگهێشت دەكرێت.
سەرۆكایەتی كۆماری عێراق سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەكەی دوێنێ دووشەممە بۆسەر هێزێكی هێزەكانی دژە تیرۆر لە فڕۆكەخانەی عەربەت لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە:" رۆژ لە دوای رۆژ هێرشە سەربازییە ئاسمانییەكانی  توركیا بۆ سەر خاكی عێراق بەتایبەتی لە هەرێمی كوردستان زیاتر و زیاتر دەبن و ئەمەش لەژێر رۆشنایی پاساوی سەربازی و ئەمنی، بەو پێیەی دەستدرێژییەكە خەڵكی مەدەنی بێتاوان و بارەگا سەربازی و ئەمنییەكانی كردوەتە ئامانج".
باسی لەوەشكردووە:" پێشتریش بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكانی توركیامان روون كردووەتەوە عێراق ئامادەیە لەگەڵ لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەكان دابنیشێت بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشایانەی كە توركیا پێی وایە شوێنی دزەكردنە بۆ ئەو كەسانەی دەیانەوێت زیان بە ئاسایشی وڵاتەكەی بگەیەنن بەبێ ئەوەی خاكی وڵاتەكەمان بكەنە ئامانجی پاساوەكانیان".
ئاماژەی بەوەشكردووە:" هەندێك پێشێلكاری ئەمنی و هەندێك ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە نێوان وڵاتانی دراوسێ ئەگەری هەیە، بەڵام دەستپێكردنی هێرشە سەربازییە یەك لە دواییەكەكان و بە ئامانجگرتنی شارەكان و خەڵكی مەدەنی و هەروەها كارمەندانی سەربازی، شتێكە كە یاسا نێودەوڵەتییەكان رەتیان دەكاتەوە و لەگەڵ پرەنسیپەكانی دراوسێیەتی و هاوسنووریدا ناتەبایە".
جەختی لەوەشكردووەتەوە:" ئەگەر ئەو دەستدرێژییە بە چەك ئەنجام بدرێت كە تەنها بۆ شەڕی ئاشكرا بەكاردێت، وەك فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، كە بوونەتە ئامرازێكی ئاسایی دەستدرێژییەكانی  توركیا بۆ سەر خاكی عێراق، ئەمە وەك هەڕەشە لەو ئاسایش و سەقامگیرییە لێیدەڕوانرێت كە عێراق ئەمڕۆ بەلایەوە بەهادارە".
ئەوەشی خستەڕوو:" بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەم هێرشە دووبارەبووانە دەكەین بۆ سەر خاكی عێراق  و شارە سەلامەتەكانی ناوچەكە و عێراقی نوێ تەنها باوەڕی بە گفتوگۆ هەیە وەك زمانێك بۆ لێكتێگەیشتن و چارەسەركردنی كێشە و بوارەكانی جیاوازی و نایەكسانی، و ڕەوتە نوێیەكانی خۆی بە دروستكردنی پردی پەیوەندی و گەڕاندنەوەی پەیوەندییە لاوازەكان نیشانداوە". 
لە درێژەی بەیاننامەكەداشدا هاتووە:" بۆ ئەوەی ئەم كرانەوە و نیازپاكییە عێراقییە ڕووبەڕووی ئەو جۆرە كاردانەوە و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانە ببێتەوە، جێگەی قبوڵكردن نییە و دەوڵەتی عێراقیش لەو بارەیەوە بێدەنگ نابێت و هەلوێستی جیدیمان لەسەر ئەم بابەت و هێرشانە دەبێت".

Alternate Text

دوایین هەواڵ

راگەیەندراوێک لە وەزارەتی داراییەوە

درێژتر لە هەواڵ 21 خولەک پێش ئێستا

کەسێک بەتۆمەتی کوشتنی پوری دەستگیرکرا

درێژتر لە هەواڵ 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا