لە خولی تۆپی پێی ئەلبانیدا یاریزانێکی یانەی ئیگانتیا بەناوی رافائێل
دوامین لەکاتی یاریکردن جەڵتەی دڵ لێیدا و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.
لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی 13مینی خولی تۆپی پێی ئەلبانی، هەردوو یانەی ئیگانتیا
و پارتیزانی رووبەڕووی یەکتر بوونەوە و لە خولەکی 24ی یارییەکەدا یاریزانێکی تەمەن
28 ساڵی بەرەگەز غانی بەناوی رافائێل دوامین جەڵتەی دڵ لێیدا، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەش
گیانی لەدەستدا.
مانگی کانوونی دووەمی 2023 ئەو یاریزانە غانییە لە یانەی زیورخی سویسڕییەوە
روویکردە یانەی ئیگانتیای ئەلبانی و لە 18 یاریدا لەگەڵ یانەکەی بەشداری کردووە و
11 گۆڵی تۆمارکردووە.
پێشتر، راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان باسیان لەوەکردبوو، لە ساڵی 2017دا یانەی برایتۆنی ئینگلیزی پاشگەزبووەوە لەوەی
گرێبەست لەگەڵ ئەو یاریزانە ئیمزا بکات، لەبەر ئەوەی نەخۆشی دڵی هەبووە و چەندین
جار پزیشکان ئامۆژگارییان کردووە واز لە تۆپی پێ بهێنێت، بەڵام بەقسەی پزیشکەکانی
نەکردووە.