قوباد تاڵەبانی بۆ بەرپرسانی پارتی: با نەهێڵین بابەتێک ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە پەیوەندییەکانمان

کوردستان 20/11/2023

لەلایەن: محەمەد سەردار

Alternate Text

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، بەردەوامبوونی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی باشترە لە دابڕان، دەشڵێت " ئەگەر داببڕێن لە یەکتر خەڵکی تر ئەو بۆشاییە پڕ دەکەنەوە ".

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوەکرد:" با نەهێڵین بابەتێک ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، با تێبگەین لە نەهامەتییەکانی یەکتر، دەبێت تێبگەین لەوەی بەرامبەرەکەمان لە چی نیگەرانە ".

ئەوەشی خستەڕوو:" دەبێت کۆبوونەوەکان بەردەوام بن، مەرج نییە هەموو کۆبوونەوەکان ئەنجامی باشیان هەبێت و بگەینە رێککەوتن، چونکە بەردەوامبوونی پەیوەندییەکان باشترە لە دابڕان، ئەگەر داببڕێن لە یەکتر خەڵکی تر ئەو بۆشاییە پڕ دەکەنەوە ".

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراقیش وتی:" حکومەتی عێراق کاتێک پابەند دەبێت بە رێککەوتنەکانی لەگەڵ هەرێم کە ئێمە بەهێز بین و لە بەغدا کاریگەر بین، زۆر کەس هەن لەعێراقدا هیوا بەوەدەخوازن رێککەوتنەکانمان لەگەڵ بەغدا جێبەجێ نەکرێت ".

قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشکرد:" ئەوکاتەی سەرۆک مام جەلال سەرۆککۆمار بوو لە بەغدا، جەنابی کاک مەسعودیش سەرۆکی هەرێم بوو، جۆرێک لە هاوسەنگی هەبوو لە پەیوەندییەکانمان، بەڵام ئێستاش کێشەکان قابیلی چارەسەرن ".

قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە لەوەی یەکێتی لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندایە، لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش دەڵێت:"چەند رۆژێک پێش ئێستا لە کەرکوک بووم و هەستمکرد ئیرادەیەکی بەهێز هەیە و هەست بە غەدرێک دەکرێت بەرامبەر بە کورد، ئەوەش وادەکات کوردانی شارەکە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بە گەڕانەوە دەسەڵات بە کورد بدەن ".

جێگری سەرۆکوەزیران باسی پارێزگاری داهاتووی کەرکوکی کرد و تی:" من حەز دەکەم پارێزگار لە یەکێتی بێت، پارتیش حەز دەکات کەسێکی پارتی بێت، بەڵام ئەوە هەڵبژاردن یەکلایی دەکاتەوە ".

سەبارەت بە داخستنی فڕۆکەخانەی سلێمانیش ئەوەی خستەڕوو:" تورکیا ستەم لە خەڵکی هەرێمی کوردستان و سلێمانی دەکات، من گلەییم لە سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە کە پرسی داخستنی ئاسمانی تورکیای بەڕووی فڕۆکەخانەکە نەکردووەتەوە پرسێکی جددی و وەک پێویست قسەی لەگەڵ تورکەکان نەکردووە بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەیەک کە لە وڵاتەکەی خۆیەتی ".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا