پۆستەری فیلمێک بە وێنەی تەرانە عەلیدۆستییەوە
بڵاوبووەتەوە و پارێزەرەکەی ناوبراویش نکۆڵی لە هەبوونی فیلمەکە دەکات.
ساسان حەیدەری ناسراو بە ساسی مانکن هونەرمەند و راپپەری ئێرانی کە لە ئەمەریکا
ژیان دەکات، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان پۆستەری فیلمێکی
بڵاوکردەوە بە ناوی شەیدا، کە تیایدا خانمە ئەکتەری بەناوبانگی ئێرانی تەرانە عەلیدۆستی
دەرکەوتووە.
ساسی لەوبارەیەوە نووسیوویەتی:" شەرەفی ئەوەم هەبوو
کە لەپاڵ گەورەیەکی وەک تەرانە و چەند ئەکتەرێکی دیاری سینەمای تورک لە فیلمێکدا رۆڵ بگێڕم،
هیوادارم بینەرانیش چێژ لە بینینی فیلمەکە وەربگرن".
بڵاوکردنەوەی پۆستەرەکە لەلایەن راپپەرەکەوە کاردانەوەیەکی
زۆری لەلایەن بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە گشتی و هەوادارانی خانمە
ئەکتەرەکە بە تایبەتی لێکەوتەوە، بەوپێیەی تەرانە لە ئێستادا کارکردنی لێ قەدەغەکراوە.
دوابەدوای بڵاوکردنەوەی پۆستەرەکە زەهرا مینویی پارێزەری
تەرانە عەلیدۆستی سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە رۆڵگێڕانی خانمە
ئەکتەرەکە دەکەن لە فیلمێکی لەوشێوەیەدا و ئاماژەی بەوەکرد:" کارکردنی تەرانە
و ساسی بە هیچ شێوەیەک و لە ژێر هیچ ناونیشانێکدا رووینەداوە، ئەو هەواڵەی بڵاویشکراوەتەوە
دوورە لە راستییەوە بە تەواوی بێ بنەمایە".
دواتر بەشێک لە میدیا ئێرانییەکان ئاشکرایانکرد، بە
ئەگەری زۆرەوە راپپەرەکە ئەو پۆستەرەی لە رێگەی زیرەکی دەستکردەوە دروستکردووە.
هاوکات سەرەڕای رەتکردنەوەی هەواڵەکە لەلایەن پارێزەری فەرمی
تەرانە عەلیدۆستییەوە، بەڵام ساسی جارێکی دیکە جەختی لە هەبوونی فیلمەکە کردەوە و
لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا وتی:" گرنگی بەو دەنگۆیانە مەدەن و وێنەگرتنی فیلمی
شەیدا دوو ساڵ و نیو پێش ئێستا ئەنجامدراوە، لە چەند رۆژی داهاتووشدا یەکەم تیزەریی
بڵاودەبێتەوە".
شایەنی باسە تەرانە عەلیدۆستی لەپای پشتگیرییەکانی بۆ
ئەو خۆپیشاندانانەی کە بەهۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینییەوە لە ئێران دەستییانپێکردبوو
ماوەی نزیکەی ٢٠ رۆژ لەلایەن دەسەڵاتی وڵاتەکەیەوە دەستگیرکرا.
دوای ئازادکردنیشی بەردەوامبوو لە رەخنەگرتن لە سیاسەت و
حکومڕانیکردنی وڵاتەکەی و لە ئێستاشدا لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە هاوشانی چەند
خانمە ئەکتەرێکی دیکە، کارکردنی لێ قەدەغەکراوە.