خاوەنی كۆمپانیای هەناری سازان رایگەیاند، بە هاوکاری قوباد تاڵەبانی توانیویانە بڕی ٢٠٠ تۆن هەناری هەڵەبجە هەناردەی فەڕەنسا و بەڕیتانیا بکەن.
فەرەیدون نامدار، خاوەنی كۆمپانیای هەناری سازان و یەکەم وەبەرهێنەری کەرتی هەناری هەڵەبجە لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند:" ئەمڕۆ یەکشەممە، لە میانی کۆبوونەوەمان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسمان کرد کە بە هەوڵ و لەسەر راسپاردەی ئەوان ئەمساڵ هەناری کوردستان و هەڵەبجە هەناردەی هەردوو وڵاتی فەڕەنسا و بەڕیتانیا کراوە، کە بۆ ئەمساڵ تا ئێستا بڕەکەی ٢٠٠ تۆن بووە".
هەروەها دەشڵێت:" جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە سەرەتاوە هاوکار و هەماهەنگمان بووە لە پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردووش توانیمان بە پشتگیری ئەو ٢٠٠ هەزار نەمامی هەنار پێشکەش بە جوتیارانی کوردستان بکەین".
فەرەیدون نامدار باسی لەوەشکردووە:" داوامان کرد ئەو هەڵمەتەی ساڵی رابردوو دەستمان پێکرد بۆ چاندنی نەمامی هەنار، ئەمساڵیش بەردەوای پێبدەین، قوباد تاڵەبانیش دڵنیایی کردینەوە کە هاوکارمان دەبن".