بەشێک لە خوێندنگەکانی سلێمانی کرانەوە

کوردستان 09/01/2024

لەلایەن: رێبەند نەسرەدین

Alternate Text

دوای بڕیارەکانی وەزارەتی پەروەردە و داواکاری پەروەردەی سنووری پارێزگاکە بۆ دەستپێکردنەوە دەوام، بەشێک لە خوێندنگەکانی سلێمانی دەستیان بە دەوام کردەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست بی ئێم سی کەوتووە، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، بەشێک لە خوێندنگەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەستیان بە دەوامکردن کردەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، دوای زیاتر لە دوو مانگ بایکۆتکردنی دەوام و خۆپیشاندانی بەشێکی زۆر لە مامۆستایان، وەزارتی پەروەردە نووسراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتبوو:" پاش گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بەو یاداشتەی لەلایەن مامۆستایانەوە ئاڕاستەمان کراوە، رەزامەندی هەیە کە پاش هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵی و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم، پلە بەرزکردنەوە لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان دەستپێبکاتەوە".
 باس لەوەشکراوە:" هاوکات مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری بە گرێبەست دەکرێن".
هاوکات هەریەکە لە پەروەردەکانی گەرمیان و سلێمانی لە نووسراوێکی فەرمیدا، داوایان لە مامۆستایان کرد، رۆژی سێشەممە 9ی ئەم مانگە دەست بە دەوامکردن بکەنەوە.
دواتریش ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی نووسراوەکەی پەروەردەی رەتکردەوە و جەختیلەوەکردەوە، بە خۆپیشاندان وەڵامی نووسراوەکە دەدەنەوە، بۆیە دوێنێ دووشەممە، لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانی بەشێکی زۆری مامۆستایانی ناڕازی بەڕێوەچوو.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا