لە میانەی بانگهێشتركردنی دامەزرێنەرانی بەشێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، دامەزرێنەر و خاوەن كۆمپانیایی مێتا داوای لێبووردنی لە دایك و باوكان كرد.
پاش ئەوەی بەشێك لە دامەزرێنەر و بەڕێوەبەرانی جێبەجێكاری كۆمپانیاكانی تایبەت بە تۆڕەكانی پەیوەندی و سۆشیاڵ میدیا بانگهێشتی بەردەم ئەنجومەنی سیناتۆرەكانی ئەمریكا كران، ماڕك زوكربێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێكار و خاوەن كۆمپانیای مێتا چەندین پرسیاری نەرێنی رووبەڕووی كرایەوە بەهۆی ئەوەی بەشێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بووەتە هۆی دروستكردنی مەترسی بۆسەر لاوان و گەنجان.
لەم بارەیەشەوە ماڕك زوكربێرگ رایگەیاند:" زۆر بە داخم بەوەی بەشێك لە خێزانەكان لەسەرانسەری جیهاندا بەهۆی سۆشیاڵ میدیاوە رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر و هەڵدێری پەروەردەیی زۆر بوونەتەوە".
وتیشی:" ئەوەی تا ئێستا بەهۆی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە هاتووەتە كایەوە كارێكی دژوار ئامێزە، هیچ كەس و تاكێكی نێو هیچ كۆمەڵایەك نابێت بەهۆی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە رووبەڕووی ئاستەنگ و هەڵدێر ببێتەوە، بەتایبەتیش خێزانەكان كە بناغەی بوونیادی كۆمەڵگان".
جەختی لەوەشكردەوە:" هەنگاوی چاكسازی و كردەی بەرەو چارەسەركردنی كێشەكان دەنێین، داوای لێبوردن لەو خێزان و دایك و باوكانەش دەكەم كە بەهۆی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە رووبەڕووی ئازار بوونەتەوە و ئازار بە خۆیان و رۆڵەكانیان گەیشتووە".