ئاسایشی سلێمانی لەسەر دۆسییەی كوێخا دێرین روونكردنەوە دەدات

کوردستان 12/02/2024

لەلایەن: زامۆ بەکر

Alternate Text

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی سلێمانی دەربارەی هەوڵەكانیان بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارێك بە پلەی نەقیب و ناسراو بە كوێخا دێرین روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە.

 ئاسایشی گشتی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" پاش ئەوەی كاتژمێر 12:10 خولەكی شەوی (29-30/1/2024)، لە گۆڕەپانی ئۆتۆمبێلی بەردەم (یانەی كۆمەڵایەتی سلێمانی) تەقە لە هاوڵاتی (ئەحمەد كامیل فەقێ، سەرمایەدار) كرا و بەهۆیەوە برینداركرا دوای رەزامەندی دادوەری لێكۆڵینەوە، بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی ووردی هێزەكانمان دەستپێكرد".

ئاماژەی بەوەشكردووە:" سەرئەنجام لە (30/1/2024) بەپێی مادەی 405-31ی یاسای سزادانی عێراقی، تۆمەتباری سەرەكی و تەقەكەر ئەحمەد عەبدولرەزاق عەلی دەستگیركرا".

ئاشكراشیكردووە:" ‏‎دوای لێكۆڵینەوە تۆمەتبار دانی بە تاوانەكەیدا ناو و دەركەوت تۆمەتبارێكی دیكە  بە ناوی (ئومێد كەمال) هاوكاری كردووە كە هاوپیشەیەتی و هەردووكیان پێشمەرگەن لەلای (دێرین  ئەحمەد  محەمەد) ناسراوە بە (كوێخا دێرین)، بە بڕیاری ناوبراو تاوانەكەیان كردووە، هەروەها ‏ (5/2/2024) تۆمەتبار، ئومێد كەمال كە هاوكاری كردووە دەستگیركرا".

‏‎ئەوەشیخستەڕوو:" ئێستا، كوێخا دێرین فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركراوە  بە پێی مادەی 405-31ی لە یاسای سزادانی عێراقی و كێشەكەشی لەسەر داواكردنی سەرانە، پارەوەرگرتن و هەڕەشەبووە  لە سەرمایەدارێكی سلێمانی".

روونیشیكردووەتەوە:" لەو چوارچێوەیەشدا دادوەر بڕیاریدا دەستبگیرێت بەسەر ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوزارەوەی تۆمەتبار (دێرین ئەحمەد) و رووخاندنی سەرجەم ئەو ماڵ و شوێنانەی كە بە زیادەڕۆیی كرابوونە سەر موڵكی گشتی".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا