سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە یادی رێككەوتننامەی 11ی ئازاردا لە رایگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" شۆڕش و خۆڕاگری وقوربانیدانەكانی گەلی كوردستان، حكومەتی ئەوكاتی عێراقی ناچار كرد دان بە بەشێك لە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستاندا بنێت. بە تایبەتی ڕێككەوتن لە سەر هەمواركردنەوەی دەستووری كاتی و داننان بەوەی عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەكی (عەرەب و كورد) پێكهاتووە".
دەقی راگەیەندراوەكەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم...
ئەمڕۆ دووشەممە، 11-03-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی لە ساڵیادی ڕێككەوتننامەی 11ـی ئاداری 1970 بڵاوكردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەكەیە:
ئەمڕۆ پەنجا و چوار ساڵ بە سەر ڕاگەیاندنی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئاداری 1970 تێدەپەڕێت كە دەستكەوتێكی مێژوویی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو بەڕابەرایەتی بارزانیی نەمر.
شۆڕش و خۆڕاگری وقوربانیدانەكانی گەلی كوردستان، حكومەتی ئەوكاتی عێراقی ناچار كرد دان بە بەشێك لە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستاندا بنێت. بە تایبەتی ڕێككەوتن لە سەر هەمواركردنەوەی دەستووری كاتی و داننان بەوەی عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەكی (عەرەب و كورد) پێكهاتووە و دەستووریش دان بە مافە نەتەوەییەكانی گەلی كورد دەنێت.
بەڵام دواجار ڕژێمی ئەو سەردەمەی عێراق، لە ڕێككەوتننامەكە پاشگەز بووەوە و پەنای بردەوە بۆ شەڕ و دژایەتیكردنی خەڵكی كوردستان و سەرەنجام عێراقی دووچاری ماڵوێرانی و كارەساتی گەورە كرد كە تا ئێستاش خەڵكی عێراق، باجەكەی دەدەن.
لەم یادەدا، جەخت لە پێویستی و گرنگیی پاراستن و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان و قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان دەكەینەوە. خەڵكی كوردستان هەرگیز ڕێگە نادات مافەكانی پێشێل بكرێت و ستەم و زۆرداری لێ بكرێت و عێراق بگەڕێنرێتەوە بۆ سەردەمی دیكتاتۆری و تاكڕەوی.
مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان