ناسڕ رەزازی، هونەرمەند و گۆرانیبێژی دیار رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی فرۆشتنی بەرهەمەكان نەبووەتە كەلتوور، بۆیە هونەر لە ئێستادا بەشێوەیەكی پێویست نییە.
ناسڕ رەزازی، هونەرمەند و گۆرانیبێژی دیار لە لێدوانێكدا بە پەیامنێری BMC رایگەیاند:" كێشەی گۆرانیبێژی و فرۆشتنی بەرهەمە هونەرییەكان بووەتە مۆتەكەیەك بەسەر هونەرمەندی كوردەوە، چونكە خاوەنی دەوڵەتێكی سەرەخۆ نین و نەشبووتە كەلتورێك لەلای هاوڵاتیان كە بەرهەم، فیلم و پەڕاوی پەرتووكییەكان بكڕن".
وتیشی:" كاری هونەری لە ئێستادا بەشێوەیەكی پێویست نییە، پاشان من بەم تەمەنەوە دەكرێت بگەڕێمەوە سەر ستەیج و گۆرانی بچڕم بۆ ئەوەی بژێوی ژیانم دابینبكەم؟".
ئاماژەی بەوەشكردووە:" سوپاس بۆ یەكێتی كە نەیهێشتووە لە پێویستیم كەم ببێت و هاوكاری پێویستی كردووە و وەك میوانێك رێزی لێگرتووم".
ئەوەشیخستەڕوو:" بەشێوەیەكی گشتی هەندێكجار ژیان قورسە، سەڕەرای ئەوەی لە تۆماركردنی بەهەمەكاندا هاوكاری كراوم، بەڵام كێشەكە ئەوەیە یاسایەك نییە بۆ ئەوەی رێگری لە كۆپی كردنی بەرهەمەكان بكرێت و بڵاوبكرێتەوە".