پزیشكی پسپۆڕ و دكتۆرا (بۆردی) بەریتانی لەنەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ و نەزۆكی پیاوان زانیاری لەبارەی كێشە، هۆكار و چارەسەرەكانی پڕۆستات لە پیاواندە دەخاتەڕوو.
كاوە فەقێ رەحیم، پزیشكی پسپۆڕ و دكتۆرا (بۆردی) بەریتانی لەنەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ و نەزۆكی پیاوان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" پڕۆستات رژێنێكە ئەكەوێتە ملی میزەڵدان لەپیاواندا، قەبارەكەی بە ئەندازەی گوێزێكی كوردییە، پڕۆستات بەس لە پیاوندا هەیە، واتە ئافرەتان پڕۆستاتیان نیە".
ئاماژەی بەوەشكردووە:" ئیشی سەرەكی پڕۆستات یارمەتی دانی كرداری زاووزێیە لە پیاواندا بەهۆی دەردانی هەنێ ئەنزیمەوە كە هاوكاری سەرەكی ئەم پڕۆسەیەن".
- پڕۆستات دوو جۆر كێشە بۆ پیاوان دروست دەكات:
1. هەوكردنی پڕۆستات.
2. گەورەبوونی پڕۆستات.
1. هەوكردن (سۆی)ی پڕۆستات:
ئەم كێشەیە ئەكرێت گەنج و پیر تووشی ببن، واتە هەر كەسێكی نێر بێت و تەمەنی لە نێوان 16 بۆ 17 ساڵییەوە بێت، ئەگەری تووش بوونی هەیە، (50%)ی پیاوان جارێك یان زیاتر لە تەمەنیاندا تووشی هەوكردنی پرۆستات دەبن.
- نیشانەكانی هەوكردنی پڕۆستات:
نیشانەكانی نەخۆش بە گوێرەی جۆری هەوكردنەكە دەگۆڕێت، چونكە هەوكردنی پڕۆستات چەند جۆرێكی هەیە:
- هەوكردنی بەكتریایی (التهاب الحاد):
واتە نەخۆشەكە بەهۆی چوونە ژوورەوەی بەكتریا بۆ ناو پڕۆستات تووش بووە، لەم جۆرەیاندا نەخۆشەكە هەست بە سووتانەوە و ئازارێكی زۆر دەكات لە بۆری میزدا لە كاتی میزكردندا، نەخۆش تووشی میزە چركە دەبێت و لەوانەیە میزی بگیرێت و میزی بۆ نەكرێت، زۆرجار نەخۆشەكە لەرزوتایەكی زۆری دەبێت و بارودۆخی ناجێگیردەبێت و پێویست دەكات لە نەخۆشخانە داخڵ بكرێت بۆ چارەسەركردن.
- هەوكردنی درێژخایەن (التهاب المزمن):
لەم جۆرەیاندا نیشانەكانی نەخۆشەكە وەك هەوكردنی بەكتریایی قورس نین، لەوانەیە كزانەوەیەكی كەمی هەبێت لەكاتی میزكردن یان سەرجێی كردندا، هەندێكجار نەخۆش هەست بە ئازارێكی بێزاركەردەكات لە نزیك كۆم و گوونەكان و بەرمووسەڵدانی، نەخۆش لەوانەیە ئارەزوی جووت بوونی كەم بێتەوە، ئەم جۆرە زۆرترە لە جۆری یەكەم و نەخۆش لەوانەیە چەند مانگێك بۆ چەندساڵێك پێوەی گیرۆدەببێت.
- دەستنیشان كردنی نەخۆشییەكە:
نەخۆش دەبێت لەنزیكەوەببینرێت و پرسیاری تەواوی لێبكرێت دەربارەی نیشانەكانی نەخۆشیەكە و پاشان پشكنینی جەستەیی بۆ بكرێت لەگەڵ پشكنینی پڕۆستات بە پەنجە لە كۆمەوە.
پاشان پشكنینی خوێن و میز، زەرعەی میز و تۆوی بۆ بكرێت، هەنێكجار پێویست بە پشكنینی زیاتر دەكات وەك سۆنەر و ناڤوری میزەڵدان.
چارەسەرەكان:
چارەسەری هەوكردنی بەكتریایی زۆر جار ئاسانە، ئەویش لەرێگەی پێدانی حەب یان دەرزی گونجاو بۆماوەی مانگێك، هەوكردنەكە كۆتاییدێت و نەخۆش بەتەواوی چاك دەبێتەوە.
بەڵام، چارەسەری هەوكردنی درێژخایەن ئاسان نیە، زۆرجار نەخۆشەكە پاش بەكارهێنانی چارەسەر نیشانەكانی دەست پێدەكەنەوە و پێویست دەكات كە چەند جۆرێك چارەسەری جۆراوجۆر بەكاربهێنێت و نەخۆش دڵنیابكرێتەوە كە نەخۆشی خراپی وەك شێرپەنجەی نیە.
ئەگەر نەخۆشەكە هەرباش نەبوو پێویستە رەوانەی لای پزیشكی پسپۆڕی ئازاری درێژخایەن بكرێت بۆ چارەسەر.