پزیشكێكی پسپۆڕی (دكتۆرا) لە نەشتەرگەری ناوسكبینی و قەڵەوی و كۆئەندامی هەرس، زانیاری پێویست دەربارەی هۆكار و چارەسەرەكانی قەبزی لە مانگی رەمەزاندا دەخاتەڕوو.
حبیب محمود عبدوڵا، پزیشكی پسپۆڕی (دكتۆرا) لە نەشتەرگەری ناوسكبینی و قەڵەوی و كۆئەندامی هەرس، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" رۆژووی رەمەزان هەنێكجار دەبێتە هۆی قەبزی و كێشەی كۆئەندامی هەرس لە هەنێك لە رۆژوەوانان بەتایبەتی ئەوانەی كە كێشەی قەبزیان هەبووە پێش ڕەمەزان".
زۆرجار بەهۆی ئەم قەبزیەوە دووچاری مایەسیری، قڵیشانی كۆم و خوێن بەربوون دەبین
ئاماژەی بەوەشكردووە:" زۆرجار بەهۆی ئەم قەبزیەوە دووچاری مایەسیری، قڵیشانی كۆم و خوێن بەربوون دەبین، بەهۆی تێپەڕبوونی پیسایی و پاشماوەی خواردنی زۆر رەق بەناو ناوپۆشی كۆمدا".
- گرنگترین هۆكارەكانی قەبزی لە ڕەمەزاندا بریتیین لە:
1. گۆڕانكاری لە جۆری خواردن، ستایل و كاتی خواردن كە هۆكارێكە بۆ گۆڕانكاری لە جوڵەی ریخۆڵەكان و بەتاڵكردنەوەی ریخۆڵەكان.
2. كەمی ئاو خواردنەوە لە كاتی رۆژووبوندا كە ئەبێتە هۆی وشكبوونەوە و هۆكارێكە بۆ رەقبوونی پاشماوەی خۆراك و پیسایی.
3. كەمبوونەوەی جوڵە و چالاكی رۆژانە، لە رەمەزاندا زۆربەی خەڵكی پشوو ئەدات یان لە ماڵەوەن یان كاتەكان بە خەوتن بەسەر ئەبەن، ئەمەش هۆكارێكە بۆ قەبزی.
- چی بكرێت بۆ خۆپاراستن لە قەبزی لە رەمەزاندا:
1. خواردنەوەی بڕێكی زۆر لە ئاو و شلەمەنی لە نێوان بەربانگ و پارشێودا.
2. گرنگی بدرێت بەو خواردنانەی كە بڕێكی زۆر ریشاڵیان تێدایە وەك سەوزە و میوە.
3. ئەنجامدانی وەرزش و جوڵە و چالاكی بەردەوام.
4. بەكارهێنانی هەندێك دەرمان بۆ ئاسانكاری شلبونەوەی پیسایی.
5. باشترە كە پارشێو بكرێت، چونكە یارمەتیدەر ئەبێت بۆ رێگریكردن لە وشكبوونەوە.