لە سبەینییەوە ناوتۆمارکردن بۆ کارمەندانی سەر سندوقەکانی دەنگدان دەستپێدەکات

کوردستان 03/04/2024

لەلایەن: محەمەد سەردار

Alternate Text

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لە سبەینیەوە دەرگای پێشکەشکردن بۆ کارمەندانی سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێتەوە، دەشڵێت " ئارەزوومەندان دەتوانن بەشێوەی ئەلیکتۆنی داواکاری پێشکەش بکەن ".

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ئاگادارییەکدا ئاماژەی بەوەکرد:" لە سبەی پێنجشەممە، 4ی 4ی 2024 ناوتۆمارکردن کارمەندانی سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکرێتەوە و تاکو 20ی 4ی 2024 بەردەوام دەبێت ".

ناوتۆمارکردن بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت

ئەوەشی خستەڕوو، ناوتۆمارکردن بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت و دانیشتووانی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دەگرێتەوە.

فەرمانبەران و خوێندکاران و دەرچووان دەگرێتەوە

لەبارەی ئەو کەسانەی ناوتۆمارکردن دەیانگرێتەوە، کۆمسیۆن دەڵێت، پێویستە ئارەزوومەندان فەرمانبەری حکومەت بن ( جگە لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان )، هەروەها خوێندکاران و دەرچووانیش دەگرێتەوە و پێویستە کارمەندانی سەر سندوقەکانی دەنگدان لانیکەم بڕوانامەی دبلۆمیان هەبێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بڕیارە رۆژی 10ی حوزەیرانی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام تاکو ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشداریکردن لەو هەڵبژاردنە خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە، یەکێتیش سوورە لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەکە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا