مەسعود بارزانی: دادگای فیدراڵی رێز لە قەوارەی هەرێمی کوردستان ناگرێت

کوردستان 03/04/2024

لەلایەن: محەمەد سەردار

Alternate Text

مەسعود بارزانی رایگەیاند، پەرلەمانێک نەتەوەكانی تری تێدا نەبێت لەنگ و ناكامڵ دەبێت، دەشڵێت " دادگای فیدڕاڵی شوێنی دەستەڵاتی یاسادانانی گرتووەتەوە و بڕیارەكانی سیاسین ".

بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ی نیسانی 2024 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازیکرد لە جێنین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد.

بە پێی راگەیەندراوەکە، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی ئاماژەی بەوەکردووە، بێبەشكردنی پێكهاتەكان لە نوێنەرایەتیكردنیان زیانێكی زۆر گەورە بەو پێكەوەژیانە دەگەیێنێت كە گەلی كوردستان دەیان ساڵە لەپێناویدا خەباتی كردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، دەبێ مافی پێكهاتەكان ڕەچاو بكرێن چونكە ئەوانیش نەتەوەی جیاجیان و دەبێ لە كوردستاندا هەست بە بوونی خۆیان بكەن، پەرلەمانێك نەتەوەكانی تری تێدا نەبێت پارلەمانێكی لەنگ و ناكامڵ دەبێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو، مەسعود بارزانی لەدرێژەی قسەكانی جەختی لە پێویستیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كردەوە، بەڵام هەڵبژاردنێك كە تەعبیر لە ئیرادەی گەلی كوردستان بكات و ئازاد و شەفاف بێت و دوور بێت لە دەستوەردانی دەرەكی و دیزاینی پێشوەختەی دەرئەنجامەكان.

سەرۆکی پارتی وتیشی:" لە هەرێم پارتی دامەزرێنەری شەرعیەت و هەڵبژاردن بووە و خۆی لە 1991 لە شاری كۆیە ڕایگەیاندووە كە پێویستە لە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بەرەو شەرعیەتی یاسایی بڕۆین ".

هەر بە پێی ئەو راگەیەندراوە، جێنین پلاسخارت باسی لەوەکرد، ئاگاداری ئەوەن كە دوو ساڵە پارتی ئامادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە لە كاتی خۆیدا و ئێستاش لە نیگەرانییەكانی پارتی لەمەڕ هەڵبژاردن تێدەگەن، جەختیشی لە پێویستیی بەشداریكردنی پارتی لە هەڵبژاردن كردەوە و ڕاشیگەیاند كە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە بێی پارتی پڕۆسەیەكی زەحمەت دەبێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا