دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، سێ تۆمەتباریان دەستگیرکردوە کە هەستاون بە سوتاندنی کەپری کاسپکارێک پاش دزیکردن لێی.
ئەمشەوی دووشەممە، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای بەداواداچوون و لێکۆڵینەوە بۆ سکاڵای هاوڵاتیەک سەبارەت بە سوتانی کەپرێکی فرۆشتنی سەوزە و میوەی کاسبکارێک لە شاری سلێمانی، پاش سووتانی لەلایەن چەند تۆمەتبارێک و زیانی زۆری ماددی لێدەکەوێتەوە؛ دەستبەجێ بەهەوڵی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی،
لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە لە توانرا (٣)تۆمەتباری ڕووداوەکە بدۆزرێتەوە و دەستگیربکرێن.
چوار جار کەپری کاسبکارەکەیان سوتاندووە
باسی لەوەش کردووە، لەماوەی رابردوودا پاش دزیکردن چوار جارە کەپری کەسبکارێکی شاری سلێمانی دەسوتێنن بەمەبەستی وونکردنی شوێن پەنجەی تاوانەکەیان و زیانی مادی زۆری لێ دەکەوێتەوە.
زیانی 28 ملیۆن دیناریان پێ گەیاندووە
راشیگەیاندووە، لەماوەی سوتانی سێ جاری پێشوتر نزیکەی 11 ملیۆن دینار زیانی دەبێ و لەسوتانی چوارەمی 17 ملیۆن دینار زیانی مادی پێ دەگات بە دزینی (دۆمەڵان و هەنگوین و چەندین تۆن سەوزە و میوە)و تەواوی کەپرەکەی دەسوتێنن.
بە ماددەی 342 دەستگیرکراون
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەشڵێت، لەئێستادا تۆمەتباران بەماددەی 342 لەیاسای سزادان دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە.