كۆكە رەشە چییە و نیشانەكانی چیین؟

تەندروستی 30/05/2024

لەلایەن: زامۆ بەکر

Alternate Text

دەربارەی نیشانە، چارەسە و رێگاكانی خۆپارێزی لە كۆكە رەشە، پزیشكێكی پسپۆڕی نەخۆشیەكانی منداڵان كۆزانیارییەك دەخاتەڕوو.

 سۆران سابر عوسمان، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشیەكانی منداڵان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" كۆكە رەشە، كۆكەیەكی بەردەوامی بێزاركەرە بەهۆی هەوكردنی ڕێڕەوی هەناسەوە بە بەكتریای (Bordetella Pertussis)، توشی هەموو تەمەنێك دەبێت بەتایبەتی منداڵانی خوار شەش مانگی، چونكە هێشتا سیستەمی بەرگریان تەواو بەهێز نییە". 

سەرەتای نەخۆشیەكە نیشانەكانی هەڵامەت، پژمین و تا لەگەڵ كەمە كۆخەیەكی لێدیاری دەدات

ئاماژەی بەوەشكردووە:" سەرەتای نەخۆشیەكە وەكو دەردەسەرما وایە نەخۆش نیشانەكانی هەڵامەت، پژمین و تا لەگەڵ كەمە كۆخەیەكی لێدیاری دەدات، دواتر پاش یەك بۆ دوو هەفتە كۆكەكە دەگۆڕێت بۆ كۆكەیەكی وشكی بێزاركەر و توند كە بە شێوەی لەناكاو بۆی دێت نزیكەی خولەكێك دەخایەنێت و لەكاتی هەر نەوبەیەكی كۆكەكە منداڵەكە سوور دەبێتەوە و هەندێكجار شین و مۆر دەبێت و لە كۆتایی كۆكینەكە دەنگێكی بەرزی لێوە دێت لەكاتی هەناسە هەڵمژین كە بەو دەنگە دەناسرێتەوە هەندێكجاریش دەڕشێتەوە".

نیشانەكانیش بەپێی تەمەن جیاوازن

ئەوەشیخستەڕوو:" لەنێوان كۆكینەكان زۆربەیجار منداڵەكە هەست بەباشی دەكات و هەناسەی باشە، نیشانەكانیش بەپێی تەمەن جیاوازن، منداڵی ساوا توندتر توشی دەبن و لەوانەیە لەكاتی كۆكین هەناسەیان بوەستێت".

ئەم نەخۆشیە زۆر بەخێرایی لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگوازرێتەوە

ئاشكراشیكردووە:" یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی تری ئەو كۆكەیە ئەوەیە كە درێژە دەكێشێت بۆ ماوەی نزیك سێ مانگ یان زیاتر و ئەم نەخۆشیە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە زۆر بەخێرایی دەگوازرێتەوە لە ڕێی دەردراوەكانی دەم، لوت و رێڕەوی هەناسە لەكاتی پژمین، كۆكین، دەست لێدان و بەركەوتن بۆیە پێویستە خۆمانی لێبپارێزین". 

باشترین رێگا بۆ خۆپاراستن كوتانی منداڵە

لەبارەی رێگاكانی خۆپارێزی لەم نەخۆشییەش ئەو پزیشكە باسی لەوەشكردووە:" باشترین رێگا بۆ خۆپاراستن كوتانی منداڵە بە گوێرەی خشتەی كوتان كە دەیپارێزێت لە توش بوون بەو كۆكە بێزاركەرە، لەوانەیە هەندێكجار منداڵ پێكوتەی وەرگرتبێت و توشی ببێت، بەڵام بەشێوەیەكی سوكتر و سەلامەت تر، كاتێكیش كەسێك لە ماڵەوە توش بووە پێویستە دەرمانی ئەنتیبایۆتیك دژی بەكتریاكەی پێ بدرێت وە بدرێت بەوانەش كە نزیكن لێوەی و لەگەڵی دەژین بۆ ڕێگری كردن لە بڵاوبونەوەی نەخۆشیەكە".

چارەسەری ئەو نەخۆشیە لەژێر سەرپەرشتی پزیشكی پسپۆڕەوە دەبێت بەپێدانی دەرمانی ئەنتیبایۆتیك

لەبارەی چارەسەری ئەم نەخۆشییەشەوە دكتۆر سۆران سابر عوسمان دەڵێت:" چارەسەری ئەو نەخۆشیە لەژێر سەرپەرشتی پزیشكی پسپۆڕەوە دەبێت بەپێدانی دەرمانی ئەنتیبایۆتیك دژی بەكتریاكە، كە ماوەی نەخۆشیەكە كەم دەكاتەوە و گواستنەوەی نەخۆشیەكەش لەكەسێكەوە بۆ كەسێكی تر ڕادەگرێت، لەو منداڵانەی تەمەنیان زۆر بچوكە یان بە توندی توشی دەبن لە نەخۆشخانە چارەسەری وەردەگرن بە پێدانی ئۆكسجین و چارەسەری و ڕێنمایی تایبەت، چونكە لە منداڵانی ساوا لەوانەیە مەترسی بۆ سەر گیانی دروست بكات".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا