سزای لەسێدارەدانی توماج ساڵحی هەڵوەشێنرایەوە

هەمەرەنگ 22/06/2024

لەلایەن: رێبەند نەسرەدین

Alternate Text

دوو پارێزەری توماج ساڵحی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی ناوبراویان راگەیاند.

مستەفا نیلی یەکێک لە پارێزەرانی توماج ساڵحی راپەری ئێرانی بە میدیاکانی ئێرانی راگەیاند:" سزای لەسێدارەدانی ناوبراو لە دادگای باڵای ئێران رەتکراوەتەوە".

هاوکات ئەمیر رەئیسیان کە یەکێکی دیکەیە لە پارێزەرەکانی توماج ئاماژەی بەوەکرد:" بە پشتبەستن بە بڕیاری تانەدانی لقی 39ی دادگای باڵا، دۆسیەکە دەخرێتە بەردەم هەمان لق بۆ پێداچوونەوە".

بەبێ رەچاوکردنی رێساکان و پێچەوانەی ماددەی 131 بووە

باسی لەوەشکرد:" لە دادگای باڵا جگە لە هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی راپەرەکەی ئێران وتراوە، تەنانەت سەپاندنی سزای زیندانیکردنی بۆ ماوەی چوار ساڵ و سێ مانگ بەبێ رەچاوکردنی رێساکان و پێچەوانەی ماددەی 131 بووە لە یاسای سزادان".

توماج ساڵحی لە 2ی کانوونی یەکەمی 1990 لە سنووری پارێزگای ئەسفەهان لەدایکبووە و هونەرمەندێکی راپەری ئێرانە و لەپاڵ هونەرەکەشیدا، وەکو کرێکار کاری کردووە.

ناوبراو بە یەکێک لەو کەسایەتییە دیارانەی ئێران دادەنرێت کە چەندجارێک ناڕەزایەتی دژی دەسەڵاتی وڵاتەکەی دەربڕیوە.

لە رۆژی 12ی ئەیلول توماج لە ماڵەکەی خۆیدا لە ئەسفەهان بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژی حکومەت دەستگیرکرا و دواتر بە دانانی بارمتە ئازادکرا، لە رۆژی 23ی کانوونی دووەمی 2022 سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.

لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2022 کە بەهۆی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینییەوە سەریانهەڵدابوو و لە رۆژی 30ی تشرینی یەکەمی ئەو ساڵەدا، توماج دەستگیرکرایەو و دواتر میدیای فەرمی ئێران وەکو یەکێک لە سەرکردەی خۆپیشاندەران ناوبراوی ناساندبوو.

لە کۆتاییەکانی مانگی نیساندا، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەسفەهانەوە بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی فەساد لەسەر زەوی سزای لەسێدارەدان بەسەر توماج ساڵحیدا سەپێنرا.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا