ریاڵ مەدرید لە پێکانەکەی مباپێ نیگەرانە

وەرزش 23/06/2024

لەلایەن: رێبەند نەسرەدین

Alternate Text

یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی نیگەرانە لە پێکانەکەی مباپێ و داوایکردووە یاریزانەکە نەشتەرگەری ئەنجامبدات.

رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی و نزیک لە یانەی ریاڵ مەدرید بڵاویکردەوە:" دوای تەواوبوونی یارییەکانی یۆرۆ، کلیان مباپێی فەڕەنسی نەشتەرگەری بۆ لوتی ئەنجام دەدات و بەهۆیەشەوە پێشبینی دەکرێت چوا بۆ پێنج هەفتە لە یاریگاکان دووربکەوێتەوە".

جەخت لەوەدەکەنەوە یاریزانەکە تەنها دوو هەفتەی پێویستە

ئاماژەی بەوەشکرد:" لە بەرامبەردا پزیشکانی هەڵبژاردەی فەڕەنسا جەخت لەوەدەکەنەوە یاریزانەکە تەنها دوو هەفتەی پێویستە پاش نەشتەرگەری بۆ ئەوەی دەست بە یاریکردن بکاتەوە".

بۆ ئەوەی بە زووترین کات پەیوەندی بە مەشق و راهێنەکانی یانەکەوە بکات

باسی لەوەشکرد:" هاوکات بەرپرسانی یانە مەدریدییەکە داوایانکردووە، کلیان مباپێ نەشتەرگەرییەکەی دوانەخات و لە ئێستادا ئەنجامی بدات، بۆ ئەوەی بە زووترین کات پەیوەندی بە مەشق و راهێنەکانی یانەکەوە بکات و بەشداری یاری جامی سوپەری ئەوروپا بکات".

لە سەرەتاکانی ئەم مانگەدا، یانەی ریاڵ مەدرید گرێبەستی کلیان مباپێی راگەیاند و بڕیارە دوای کۆتاییهاتنی یارییەکانی یۆرۆ، یاریزانەکە لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە هاندەرانی یانە ئیسپانییەکە بناسێنرێت.

لە یەکەم یاری فەڕەنسادا لە یۆرۆ کە بەرامبەر نەمسا ئەنجامیدا، کلیان مباپێ لە لوتیدا تووشی پێکان بوو و بەوهۆیەوە یاریگای بەجێهێشت، دواتر پزیشکانی فەڕەنسا ئاشکرایانکرد کە ناوبراو لوتی شکاوە.

پێکانەکەی مباپێ بەشێوەیەکە کە پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە و لە ئەگەری ئەنجامدانی نەشتەرگەری ئەوا یۆرۆی ئەمساڵ لەدەستدەدات، هەر بەوهۆیەشەوە هەڵبژاردەی فەڕەنسا نەشتەرگەری بۆ یاریزانەکە ئەنجامنەداوە و دەیەوێت لە یارییەکانی داهاتوودا بە سوودوەرگرتن لە ماسک، یاریزانەکە یارمەتی هاوڕێکانی بدات.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا