چی روویدا: بنەماڵەی شەهید هیوا باڕۆیی روونکردنەوەیەک
لەبارەی قسەکانی مەلا بەختیار لەبارەی بنەماڵەکەیانەوە دەدەن و قسەکانی
رەتدەکەنەوە.
راگەیەندراوی فەرمی: بێرون شەهید هیوا باڕۆیی لە
روونکردنەوەیەکدا دەڵێت:" دوێنێ 6ی 9ی 2024 پارچە ڤیدیۆیەکی کاک مەلا بەختیار
بڵاوکرایەوە کە تێیدا باس لە دوو ڕووداو دەکات، یەکەمیان کە لە ساڵی 1977 سەردانی
ماڵی ئێمەی کردووە لە گوندی باڕۆیی شەهیدان، دووەمیان پێش دوو مانگ لەمەوبەر کە دیارە
مەبەستی لە ساڵی 2024ە".
ئەمەشی وت: لە قسەکانیدا گوایە دایکم سەردانی کردووە، یەکەم
کە چۆن جەنابیان و هێزی پێشمەرگە لە ماڵی ئێمە لە گوندی باڕۆیی خزمەت کراون، دووەم باسی ئەوەی
بۆ کردووە کە ئێمە پێنج مانگ کرێ خانوو قەرزارین.
درێژەی قسەکانی: بەڵێ ئێمە هەم بە گیان و هەم بە ماڵ خزمەتێکی
زۆری هێزی پێشمەرگەی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانمان کردووە، هەر لە دروستبوونی مەفرەزە سەرەتاییەکانەوە، کۆمەڵێکی
زۆر لە پێشمەرگە دێرینەکان و خەڵکی ناوچەی بازیان گەواهی ئەو ڕاستییەمان بۆ ئەدەن، بەڵام ئێمە هەرگیز
کرێچی نەبووین.
چی تر: کوڕەکەی شەهید هیوا باڕۆیی باسی لەوەشکرد:" سوپاس
بۆ خوا هەموو کات خانووی خۆمان هەبووە، ئەو بەشەی لێدوانەکەی کاک مەلا بەختیار هیچ
بنەمایەکی نییە و ئێمە حەوت مناڵ بە درێژایی ئەنفالکردنی هیوا باڕۆیی باوکم، بە عیزەتی
نەفسی گەورەیی دایکم ( ڕوناک عەول) پەروەردە کراوین و لە ئێستادا ئەم بابەتە وەک
ئامرازێک لە ململانێکاندا بەکارهێنراوە بۆ جوڵاندنی سۆزی خەڵک".
زیاتر: وتیشی:" ئێمە رێزمان
هەیە بۆ خەبات و ماندووبوونی کاک مەلا بەختیار کە یەکێک بووە لە هاوڕێ بەوەفاکانی
باوکم کە چەند جارێک هەواڵپرسی و سەردانی کردووین بۆ ماڵەوە، داواکارین لە جەنابیان
کە یان روونکردنەوەی زیاتر بدات یاخود بابەتەکە راست بکاتەوە بۆ ڕایی گشتی".