بابەتە سەرەکیەکە: قوباد
تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیكرد لە وەفدێكی سەربازی ئەڵمانیا بە
سەرۆكایەتی كۆلۆنێڵ تۆماس ریتەر، فەرماندەی نوێی هێزەكانی ئەڵمانیا لە هەرێمی
كوردستان.
راگەیەندراوی
فەرمی: نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا كە
رۆژی سێ شەمە بە ئامادەبوونی هەر یەكە لە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و لیوا
بەختیار، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەچوو.
ئەمەش
هەیە: قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە
كۆلۆنێڵ تۆماس ریتەر كرد بەبۆنەی دەستبەكاربوونی وەک فەرماندەی نوێی هێزەكانی
ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركەكەیدا، ئامادەی
خۆی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوكاری و پاڵپشتییەک بۆ هێزەكانی ئەڵمانیا لە هەرێمی
كوردستان.
هاوکات: جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی حكومەت و پەرلەمانی ئەڵمانیای كرد
كە رەزامەندییان دەربڕیوە بۆ درێژكردنەوەی مانەوەی هێزەكانی ئەو وڵاتە لە هەرێمی
كوردستان و عێراق و هەروەها ستایشی ئەڵمانیای كرد كە هەمیشە هاوكار و پشتیوانی
هەرێمی كوردستان بووە بە تایبەت لە شەڕی دژی تیرۆر و پرۆسەی ریفۆرم لە هێزەكانی
پێشمەرگەدا.
چی دیکە:
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی ئاستەنگەكانی بەردەم پرۆسەی
ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی جەختی لەوەکردەوە، كە
پێویستە حكومەتی داهاتوو پشتیوانی پرۆسەی ریفۆرم بكات لە هێزەكانی پێشمەرگەدا.
زیاتر: هەر لە كۆبوونەوەكەدا باس لە دۆخی ناوچەكە كرا و قوباد
تاڵەبانی رایگەیاند، هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەكی جدییە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری
عێراق و ناوچەكە، هەربۆیە پێویستە ئاستی هاوكاری و هەماهەنگی لە نێوان هێزە
ئەمنییەكانی كوردستان و عێراق لەگەڵ هاوپەیمانان زیاتر بكرێت.