بابەتە سەرەکیەکە: دوای ئەوەی ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی
فەرمی گەیشتە تاران لەگەڵ مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران کۆبونەوە چەند
پرسێکی گرنگیان تاوتوێکرد.
لێدوانی فەرمی: مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، کۆبوونەوەکەی
لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجامی باشی هەبووە و باسیان لە چۆنییەتی پەرەپێدانی
پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، پێشهاتەکانی سوریا، دۆخی ناوچەکە و چەندان پرسی دیکەیان
کردووە.
ئەوەشی وت: ''ئێمە و عێراق لەبارەی سوریاوە هاوڕاین پێویستە سەروەریی خاکی
سوریا بپارێزرێت و قەوارەی زایۆنیش (ئیسرائیل) هێزەکانی خۆی لەو وڵاتە بکشێنێتەوە."
ئاماژەی بەوەشکرد: ئێران دەیەوێت پەرە بە پەیوەندییەکانی بدات لەگەڵ
وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ عێراق.
لایخۆشییەوە: محەمەد شیاع سودانی رایگەیاند، لە کۆبونەوەکەدا چەندین پرسی گرنگیان تاوتوێکرد، گفتوگۆیان لەسەر دابینکردنی غاز و کارەبا بۆ عێراق کرد لەگەڵ ئەوەش به دواداچون بۆ پڕۆژە هاوبەشەکان دەکەن بەتایبەت لە کەرتی شەمەندەفەر و نیشتەجێبوون.
ئەوەشی خستەروو: هەردوو وڵات هەوڵی زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان دەدەن، چونکە بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە.
وتیشی: "داوای چارەسەرێکی سیاسی گشتگیر له سووریا دەکەین، ڕێز لە ویستیی گەلی سوریا دەگرین لە هەڵبژاردنی سیستەمی سیاسی حوکمڕانیان ، عێراق ئامادەی هاوکارییە لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ بەرقەراربوونی سەقامگیریی لە سوریا، هەروەها زمانی هەڕەشە و بەکارهێنانی دژی ئەو وڵاتە ڕەت دەکەینەوە.''