بابەتە سەرەکییەکە: کەناڵی MBC سعودی جارێکی تر بڕیاری پەخشکردنی درامای معاویەی کوڕی ئەبو سوفیانی
دا و بڕیارە لە رەمەزانی ئەمساڵ دراماکە پێشکەش بکرێت.
پێشتر: بڕیاربو دراماکە
لە مانگی رەمەزانی ساڵی 2023 نمایش بکرێت،
بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی کەسایەتی و شوێنکەوتوانی شیعە مەزهەبەکان بڕیاردرا دراماکە
پەخش نەکرێت.
ئەمەش بزانە: زنجیرەکە
بە گەورەترین بەرهەمی مێژوی عەرەبی دادەنرێت و تێچوەکەی بە 100 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت،
لوجەین ئیسماعیل بە رۆڵگێڕانی معاویە، رۆڵی سەرەکی لە زنجیرەکەدا دەبینێت.
ئەوەی پێویستە بیزانیت:
معاویەی کوڕی ئەبو سوفیان دامەزرێنەری یەکێک لە گەورەترین ئیمپڕاتۆرییەتەکانی مێژو
بوە کە ئەویش ئیمپڕاتۆریەتی ئەمەوییە و دەسەڵاتەکەی سنوری سێ کیشوەری گرتوەتەوە.
ئەمەش هەیە: ساڵی 2023 چەندین
کەسایەتی دیاری ئاینی و سیاسی داوای راگرتنی زنجیرە درامای معاویەیان کرد، لە ناویشیاندا
موقتەدا سەدر کە رایگەیاند: داوا لە سعودییە دەکەین ئەو درامایە رابگرێت، چونکە
ناکۆکی نوێی سیاسی بە دوای خۆیدا دەهێنێت.
چی تر: معاویە یەکێکە لەو کەسایەتییە مێژوییانەی کە سوننە مەزهەب و
شیعە مەزهەبەکان ناکۆکییەکی زۆریان لەبارەی رۆڵ و پێگە و کەسایەتییەکەیەوە هەیە،
دراماکەش باس لەو سەرچاوە و روداوانە دەکات کە بونەتە هۆی دروستبونی ئەو ناکۆکییەی
بە درێژایی هەزاران ساڵە بەردەوامە.
بیرخستنەوە: لە ساڵی 2023 و لە سەروبەندی بڵاوبونەوەی هەواڵەکان
سەبارەت بە پەخشکردنی زنجیرە درامای معاویە، دەنگۆی ئەوە بڵاوبوەوە کە کەناڵی ئەلشعائر
بە پاڵپشتی ئێران وەک وەڵامێک بۆ بەرهەمەکەی کەناڵی MBC، زنجیرە درامایەک لەسەر ژیانی ئەبولئولوئە بەرهەم دەهێنێت.
بۆچی شیعە مەزهەبەکان دژی معاویەن؟
دوای شەهیدکردنی
عوسمانی کوڕی عەفان (ر.خ) کە سێیەم خەلیفەی موسڵمانانە، عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب (ر.خ)
وەک خەلیفە دیاریکرا، بەڵام لەوکاتەدا کە معاویە یەکێک بوو لە والییە دەسەڵاتدارەکانی
ناو دەوڵەتی ئیسلامی، ئامادە نەبوە بەیعەت بداتە عەلی (ر.خ)، لەبارەی هۆکارەکەشییەوە
رای جیاواز هەیە، دواتر جەنگ لەنێوان عەلی و معاویەدا دروستبو و هەزاران کەس تیایدا
بونە قوربانی.
لەپاش شەهیدکردنی ئیمامی عەلیش (ر.خ)، حەسەنی کوڕی
بوە شوێنگرەوەی، بەڵام حەسەن لەپیناو رێگریکردن لە خوێنڕشتن و بەپێی رێکەوتنێک دەستبەرداری
دەسەڵاتەکەی بو بۆ معاویە، بەمشێوەیە معاویە دەوڵەتی ئەمەوییەکانی دامەزراند و دیمەشقیشی
کردە پایتەختی دەسەڵاتەکەی، بەرلەوەی کۆچی دواییش بکات، بەیعەتی لە دەسەڵاتدارەکانی
دەوڵەتەکەی وەرگرت بۆ یەزیدی کوڕی، بە بڕوای بەشێکی مێژونوسانیش ئەمە پێچەوانەی
رێککەوتنەکەی نێوان معاویە و حەسەنی کوڕی عەلی بوە.
لە سەردەمی دەسەڵاتی یەزیدیشدا، حوسەینی کوڕی عەلی
لە دەشتی کەربەلا لە شەڕێکی خوێناویدا خۆی و چەند کەسێکی تر لە ئەندامانی خێزانەکەی
شەهیدکران، ئەمانەش بەشێکن لەو هۆکارانەی وادەکەن شیعە مەزهەبەکان رقێکی زۆریان
بەرامبەر معاویە هەبێت.
ئەبولوئلوئە کێیە؟
عومەری کوڕی خەتاب
(ر.خ) یەکێکە لە هاوەڵانی پێغەمبەر (د.خ) و دوەم خەلیفەی موسڵمانان بوە، یەکێکە لە
کەسەیاتییە خۆشەویستەکان بەلای سوننە مەزهەبەکانەوە، چەند رایەکی جیاواز هەیە لەبارەی
کاتی دیاریکردنی وەک خەلیفە لەوکاتەدا، بەشێک لە شیعەکان پێیان وایە ئیمامی عەلی کە
یەکێکە لە ئیمامەکانیان، شایستەتر بوە لە عومەر بۆ ئەوەی لەوکاتەدا ببێتە خەلیفە.
ئیمامی عومەر (ر.خ) لەلایەن کەسێکی ئاگرپەرستەوە
بە ناوی ئەبولوئلوئە شەهیدکرا کە بە رەگەز فارس بووە، هەربۆیە شیعە مەزهەبەکان دەیانویست بە بەرهەمهێنانی فیلمێک سەبارەت بە ژیانی
ناوبراو وەڵامی دراماکەی معاویەی کوڕی ئەبی سوفیان بدەنەوە.
MBC و ناکۆکییەکان
ساڵی رابردو کەناڵەکە لە
راپۆرتێکیدا هەریەکە لە ئیسماعیل هەنیە، حەسەن نەسروڵا، قاسم سولەیمانی، ئەبو
مەهدی موهەندیس و یەحیا سینواری بە تیرۆرست ناوبرد.
ئەمەش بوە هۆی توڕەبونی
بەشێکی زۆر لە لایەنگرانی ئەو کەسانە بە گشتی و شیعە مەزهەبەکان بە تایبەتی، هەر
بۆیە ژمارەیەک خەڵک لە عێراق هەڵیانکوتایە سەر ئۆفیسی کەناڵە سعودییەکە و زیانێکی
زۆری ماددیان پێگەیاند، دواتریش دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بڕیاریدا
بە راگرتنی سەرجەم کارەکانی ئەو کەناڵە و بەڕێوەبەری کەناڵەکەش لە پۆستەکەی
دورخرایەوە.