پارێزگاری سلێمانی: زۆربەی لایەنەکان لە هەوڵی ڕوخاندنی ئەوەشدان کە هەیە

کوردستان 4 کاتژمێر پێش ئێستا

لەلایەن: سەربەست نەجمەدین

Alternate Text

بابەتە سەرەکییەکە: دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت ئێستا کاتی تێپەڕاندنی شکست و کەوتنەکانە، کاتی ئەوەیە بۆ یەکجار تێبگەین سەرکەوتنمان لە بەیەکەوەبونماندایە.

لێدوانی فەرمی: پارێزگاری سلێمانی پەیامێکی بڵاوکردۆتەوەو دەڵێت ئەم دۆخە دەرونییە کۆمەڵایەتییە سیاسییەی هەموو لایەنە سیاسییەکان لە کوردستاندا سازیانکردووە، ئێسکە پەیکەرو بونیاتی ئینسانی کورد تێکدەشکێنێت، وزەی جوڵەو ئیرادەی هەستانەوەو خواستی گۆڕانکاریی و گیانی قبوڵکردنی یەکترو پێکەوەکارکردن و ماکی مانەوەو مۆرکی ڕەسەنایەتیی و ئیرادەی بەردەوامبوون و هێزی جەسوربوون و تینی بەهێزبوون و ئومێدی گەشەکردن لەبەیندەبات.

زیاتر: ئەم دابەشبونە ناسروشتییە، ئەم پەرتبوونە پردەکانی نێوانمان دەڕوخێنێت و دیواری نێوانمان پانترو بەرزتر دەکات، دوژمن بە ماڵمان خۆشدەکات و خاوەنماڵمان سەرگەردان دەکات، سەمەرەو سەودایەکی سەیرە لە عیراقی فیدراڵ، هەموو دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن، توانیان بەیەکەوە حکومەتێکی نیمچە سەرکەوتو پێکبهێنن، لەم هەرێمەی ئێمەدا زۆربەی لایەنەکان لە دوا هەڵبژاردندا هەر یەک بە جۆرو شێوەو ڕەنگ و سەنگێک خۆیان بە براوە نمایشکرد، بەڵام بەم هەموو براوەیەوە، نەک نەیانتوانیوە حکومەتێکی نوێ پێکبهێنن، بەڵکو لە هەوڵی ڕوخاندنی ئەوەشدان کە هەیە.

ئەمەشی وت: وەک زۆر ڕێزی دەنگدەرەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجامەکانیان گرتبێت، لە ئێستاوە هێرشی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی نادیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵیان؛ بە توندو تیژو زبرو زۆریی؛ دەستپێکردووە، دەخوازم هەموو کەس و لایەک چاوبکەنەوە، فو لە تروسکایی هیواو خواستی خەڵک و پاراستنی خاک نەکەن زمانیان باش هەڵسوڕێنن و ئاوەزیان بخەنەوە کارو دووربڕوانن، گیانێکی نوێ بە جەستەی شەکەتی ئەم نیشتمانەدا بکەنەوە.

لە کۆتایشدا دەڵێت: جارێ کورد بە گیانەڵاش بێت ماوە، بەسەر زیندووە، کاتی میراتبەشکردن نییە، کاتی هێزی لۆژیکە، کاتی دەستپێشخەریی و بەرەویەکچوونە، کاتی تێپەڕاندنی شکست و کەوتنەکانە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا