بابەتە سەرەکییەکە: بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممەوە شەپۆلێکی بەفر و باران ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
راگەیەندراوی فەرمی: بەڕێوەبەرایەتییەکە رایگەیاندوە ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاسمان نیمچە هەور دەبێت پاشان دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو، لە ئەنجامى هاتنی شەپۆلێکى بەفر و باران بۆ سەر ناوچەکەمان سەرەتا باران بارین لە كاتەكانی دوای نیوەڕۆ لە پارێزگای دهۆك و ئیدارەی زاخۆ بە شێوەی نمە باران و بارانی مامناوەند دەستپێدەكات و پاشان كاریگەریەكەی درێژ دەبێتەوە بۆ ئیدارەی سۆران و ڕاپەرین و پارێزگای هەولێر وە لە ناوچە شاخاوییەكانی باكورو باكوری ڕۆژهەلاتی هەرێم بەفر و و كڕێوە دەبارێت.
زیاتر: بۆ درەنگانی شەو و بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی باران بارین تەواوی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و بەفر لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەكان دەبارێت هەروەها پێشبینی دەكرێت بەفر لە سەنتەری پارێزگای دهۆك و پارێزگای سلێمانی و قەزا و ناحیەكانی ئەو دوو پارێزگایە و ئیدارە سەربەخۆكان ببارێت.
ئەمەش هەیە: رۆژی هەینی ئاسمان هەوری تەواو دەبێت ، لە كاتەكانی بەیانیدا نمە باران و بارانی مامناوەند بە پچڕپچڕی دەبارێت، بەفر لە ناوچەكانی پارێزگای دهۆك و پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی سۆران و ڕاپەڕین دەبارێت لە ناوچە شاخاویەكان بەفر بارین زیاتر دەبێت، بۆ كاتەكانی شەو كاریگەری ئەو شەپۆلە لەسەر ناوچەكەمان كۆتایی دێت و پلەکانی گەرما بە نزیكەی 4 تا 6 پلە نزمتر دەبێت لە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ.