بابەتە
سەرەکیەکە: ئەمڕۆ 34 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی شاعیر و زمانزانی کورد، هەژار موکریانی
دا تێدەپەڕێت، کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی جیهانی زمانی دایک.
زانیاری
گشتی: عەبدولڕەحمان محەمەد شەڕەفکەندی، ناسراو بە هەژار موکریانی، لە 13ـیی نیسانی
1921 لە شاری مهاباد رۆژهەڵاتی کوردستان لە خانەوادەیەکی ڕۆشنبیر و کوردپەروەر
لەدایک بوە.
ئەمەش
هەیە: هەژار کوڕی حاجی مەلا محەمەد شەڕەفکەندی کەسایەتی دیاری کوردستان و برای
سادق شەڕەفکەندی سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوە.
چی تر:
ساڵى 1942 پەیوەندى بە ڕیزەکانی کۆمەڵەى ژیانەوەى کوردستان (ژ. ک) کردوە و بۆتە
ئەندامى ئەو کۆمەڵەیە، بەشداری کارە حیزبییەکانی کردوە و بڕوایەکی زۆر بە تینی بە
ئامانجەکانی (ژ.ک) هەبوە.
بۆ چی: چونکە لە دوای ئەو ھیچ کات لە ھیچ حیزب و
ڕێکخراوێکی سیاسیدا بە فەرمی نەبوەتە ئەندام، ھەژار لە کۆماری کوردستاندا لەگەڵ
هێمنى شاعیر یەکتریان ناسیوە و ڕۆڵێکی کارای ھەبوە.
هاوکات:
ساڵى 1944 بەنوێنەرایەتى کۆمەڵەى ژیانەوەى کوردستان(ژ. ک)، بەشدارى لە کۆبونەوەى
سێ سنور لەگەڵ حزبی هیواى باشورى کوردستان لە دەڤەرى دالامپەڕ کردوە.
زانیاری
زیاتر: ساڵى 1947 دوای ڕوخاندنى کۆمارى کوردستان، خۆی گەیاندۆتە باشورى کوردستان و
ماوەیەک لە گوندى سیتەکی پارێزگاى سلێمانى لە ماڵى شێخ لەتیف شێخ مەحمود بە نهێنى
ماوەتەوە، پاشان چۆتە بەغدا، لە پاییزی 1947 بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیی سیل دەچێتە
لوبنان و دوای چاکبوونەوەی دەگەڕێتەوە عێراق و ماوەیەک لە شارى بەغدا دەمێنێتەوە و
لەوێشەوە لەگەڵ عەبدولڕەحمان زەبیحى خۆی گەیاندۆتە گوندى ترپە سپى لە شارى
قامیشلۆى ڕۆژئاواى کوردستان، لەوێ لەماڵى شێخ حسێن حاجۆ گیرساوەتەوە.
چی
دیکە: بەنهێنى چۆتە شام و لەگەڵ ژمارەیەکى زۆر لە ئەدیب و شاعیران و سیاسیەکانى
کورد وەکو جەلال تاڵەبانى، ئۆسمان سەبرى، نورەدین زازا، ڕەوشەن بەدرخان و بنەماڵەى
بەدرخانییەکان ئاشنایەتى پەیدا کردوە، لە ساڵی 1953 لە ڤیستیڤالى لاوانی جیھان لە
شاری بوخارێستی ڕۆمانیا بەشدار بوە، تاوەکو ساڵى 1958 لە ڕۆژئاواى کوردستان
ماوەتەوە و خەریکى کارى ئەدەبی و خەباتى کوردایەتى بوە.
ئەمەش
بزانە: ساڵى 1976 کە شۆڕشی گوڵان هەڵگیرسا،
هەژار موکریانى یەکێک بوو لەو خەباتکارانەى کە هانى پەنابەرە کوردەکانى باشورى
کوردستانى دەدا کە پشتگیرى شۆڕش بکەن، مامۆستا هەژار موکریانى لەپلەى یەکەمى
خەباتکارانى کورددا لەگەڵ مامۆستا عەلی عەبدوڵا سکرتێرى
پارتى دیموکراتى کوردستان، لە ڕۆژى 2ـى کانونى یەکەمى 1989 لە کۆنگرەی دەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلایەن
سەرۆک مەسعود بارزانی میدالیاى
بارزانى پێ بەخشرا.
کۆچی
دوایی: هەژار دوای ئەو هەمو تاڵی و ئاوارەییە، لە ڕۆژی 21ـی شوباتی 1991 کۆچی
دوایی کرد و تەرمەکەی بەرەو موکریان ھێندراوە و لە گۆڕستانی باغی فیردەوسی شاری
مھاباد بەخاک سپێردرا.
بەرهەمەکانی؛
کوردی:
-بەیتی سەرە مەڕ، لە 1957 لە شام چاپکردوە.
- چێشتی
مجێور، یادداشتەکانی خۆیەتی.
- ئاڵە
کۆک، دیوانی شیعری سەردەمی کۆمارە.
-بەیتی سەرە مەڕ، چیرۆکەشیعرێکی درێژە؛ ماکەکەی لە
چیرۆکێکی کورتی سەباحەدین عەلی، نوسەری تورک وەرگرتوە.
- مەم
و زین، ھەر بە ھۆنراوە لە کورمانجییەوە وەریگێڕاوەتەوە بۆ سۆرانی.
- بۆ
کوردستان، دیوانی ھەژار، 1965.
-فەرھەنگی وشەی ھەنبانە بۆرینە (کوردی بە کوردی و
فارسی)، تاران، 1990.
وەرگێڕان
بۆ کوردی:
- شەرەفنامەی
شەرەفخانی بەدلیسی، لە فارسییەوە بۆ کوردی.
- چوارینەکانی خەیام. لە فارسییەوە وەریگێڕاوەتە
سەر زمانی کوردی.
- مێژوی ئەردەڵان، گردوکۆ و وەرگێڕانە لە چەند
سەرچاوەی فارسییەوە بۆ کوردی.
- یەک
لە پەنای خاڵ و سیفری بێ بڕانەوە، نامیلکەیەکی شیعریی نوسینی عەلی شەریعەتی، لە
فارسییەوە بۆ کوردی وەرگێڕاوە.
- دایە، باوە، کێ خراوە؟، نامیلکەیەکی عەلی
شەریعەتییە کردویەتی بە کوردی.
- عیرفان،
بەرامبەری، ئازادی، نامیلکەیەکی دوکتور عەلی شەریعەتییە کردویەتی بە کوردی.
- قورئان
بە کوردی.
- ھۆزی
لە بیرکراوی گاوان، نووسینی دوکتۆر مستەفا جەواد، لە عەرەبییەوە کردویەتی بە کوردی.