بابەتە سەرەکییەکە: محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر رایگەیاند حکومەتی عێراق هەوڵدەدات کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لە چوارچێوەی سیاسی دەربهێنێت و بیانخاتە چوارچێوەی یاساییەوە.
لێدوانی فەرمی: سەرۆکوەزیران وتی، بەهۆی باوەڕمان بە دیموکراسی، کۆتاییمان بە سەردەمی جەنگ و ململانێ هێناوە کە ساڵانێکی درێژ گیرۆدەی بووین. هەنگاومان بەرەو سەردەمی ئاشتی و سەقامگیری و گەشەکردن ناوە، عێراق ئەمڕۆ بە متمانەی تەواوەوە بە خۆی، لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دا بەرەو کامڵبوون هەنگاو دەنێت و پشت ئەستوورە بە دیدگایەکی رۆشن کە لەسەر هاوکاری و هاوبەشیی کارا لەگەڵ دەوڵەتانی دۆست و دەستەخوشک دامەزراوە و کار بۆ بەدیهێنانی ئاییندەیەکی باشتر بۆ گەلەکەمان دەکات.
زیاتر: ئەم کابینەیەی ئێمە کاری زۆری بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی کردووە، بەتایبەتی بۆ ئەو کێشانەی بە کێشەی هەڵپەسێردراوی نێوان بەغدا و هەولێر ناودەبران. ئێمە ئەوەمان هەڵگێڕایەوە بۆ هەل و دەرفەتی هاریکاری و پێگەیشتن. توانیمان ئەو کێشانە لە چوارچێوە سیاسییەکانیان دەربهێنین و بیانخەینە چوارچێوەی یاساییەوە. پاش تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بودجەش، ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەین رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی خاو بۆ بەندەری جەیهان تەواو بکەین، لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە بکەینەوە کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، بە جۆرێک کە بەشدار بێت لە بنیاتنانی ئابووریی عێراق و مافی هاونیشتیمانیی هەرێمی کوردستانیش مسۆگەر بکات، ئەوەش لە رێگەی گەرەنتیکردنی ئەوەی کە مافی خۆیان بەبێ هیچ کەموکوڕییەک لە مووچە و شایستە داراییەکانی دیکەیان وەرگرن.