بابەتە سەرەکییەکە: لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی
عێراق، چاوەڕوانە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەناردەکردنی نەوت لە ڕێی بۆری جەیهانی
تورکیاوە دەستپێبکاتەوە.
لێدوانی فەرمی: سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی
نەوت و غازی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی نەوت لیژنەی تایبەتمەندی خۆی رەوانەی زاخۆ
کردووە بۆ دڵنیابون لە سەرجەم ئەو بۆریانەی کە لە کێڵگەی (كۆرمۆر) لە ناوخۆی هەرێمی
کوردستانەوە بەرەو خاکی تورکیا دەڕۆن.
ئاماژەی بەوەشکرد: تەواوی رێکارەکانی پەیوەست
بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆری جەیهانەوە تەواو بووە، بەڵام
چاوەڕوانی وەڵامی تورکیان سەبارەت بە شیاوی ئەو بۆرییانە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی
نەوت .
هاوکات: سەباح سوبحی وتیشی، تائێستا دیدێكی روون نییە سەبارەت بەو قەرزانەی کە عێراق داوای دەکات
لە تورکیا سەبارەت بە بڕیاری ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس، کە تورکیای پابەند
کرد بە پێدانی یەک ملیار و400 ملیۆن دۆلار.
ئەوەشی وت: ئەنكەرە پێشتر لەگەڵ هەرێمی
کوردستان رێککەوتبوو کە کرێی هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەکانەوە 3.5 دۆلار دەبێت، لەکاتێکدا پێشتر تەنها 1.25دۆلار بووە.