بابەتە
سەرەکیەکە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، پێنجەمین
كۆنفرانسی ئامادەكاری بۆ دوهەمین دیداری یەكێتی گەیشتە گەرمیان و خانەقین، لە شاری
كەلار بەڕێوەچو.
لێدوانی فەرمی: شێخ ئەحمەد حەمەكەریم ئەندامی مەكتەبی سیاسی و
لێپرسراوی بازنەی هەڵبژاردنەكانی گەرمیان وتارێکی پێشكەشكرد و رایگەیاند: دیدار بنەمای چاكسازییە لەناو
حزبداو دیداری پێشوش بەسەركردایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، یەكێتی نیشتمانی
كوردستانی بردە ئاستی یەكبڕیاری، بەشێوەیەک لەسەر ئاستی جیهانیش گوێ لێگیراوبێت.
ئەمەشی وت: لەچەند مانگی داهاتودا حكومەتی نوێ پێكدەهێنرێت، بۆیە لەم
كاتەدا دوهەمین دیدار ئەنجامدەدەین بۆ ئەوەی گوێ لەداواكاری و خواست و بۆچونی
كادرەكانمان بگرین و بۆ پێكهێنانی حكومەت سودی لێببینین.
زیاتر: بەڵێن و وتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنمان بوە هۆی بەرزكردنەوەی
دەنگەكانی یەكێتی بۆ 420 هەزار دەنگ، كە بەرێژەی دو بۆ دو ئەوەندە و نیو دەنگەكانی
یەكێتی زیادیانكردوە و دەبێت خاڵ بە خاڵی بەڵێنەكانیشمان لەپێكهێنانی حكومەتدا
جێبەجێ بكرێن، هەروەها ئامانجی یەكێتی ئەوەیە ئەو بەڵێنانەی بە خەڵک و كادرانی
خۆیدابو جێبەجێیان بكات.
وتیشی: یەكێتی نیشتمانی كوردستان سورە لەسەر راستكردنەوەی
رێڕەوی چەوتی حكومڕانی لەهەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی حكومەتی داهاتوی هەرێم
حكومەتێكی سەركەوتو بێت.
چی تر: یەكێتی جەخت لەسەر جێبەجێكردنی داواكاری و پێشنیاری كادران و
تێكۆشەرانی و گرنگیدان بەپرسی ژنان و رەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان دەكات،
پێشمانوایە گەرمیان شایستەی خزمەتی زیاترە لەوەی كەبۆی كراوەو پێویستە سوربین
لەسەر چاككردنی ئۆرگانەكانی یەكێتی و خزمەتكردنی زیاتری خەڵک.