قوباد تاڵەبانی: رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سوریا هەنگاوێکی گرنگە

درێژتر لە هەواڵ 7 کاتژمێر پێش ئێستا

لەلایەن: رێبەند نەسرەدین

Alternate Text

بابەتە سەرەکییەکە: قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە لیۆ جیون کونسوڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان.

چی تر: میدیای یەکێتی بڵاویکردەوە: لە کۆبونەوەکەدا کە ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوەچو، باسی دۆخی سوریا و رێککەوتنی ئەمدواییەی نێوان هەسەدە و حکومەتی سوریا کرا.

زیاتر: لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی رێککەوتنەکەی بە هەنگاوێکی گرنگ دانا بە ئاڕاستەی سەقامگیری و دابینکردنی مافەکانی کورد و پێکهاتەکانی تری سوریا و هیوای خواست، ئەم رێککەوتنە ببێتە دەستپێک بۆ ئەوەی لایەنەکانی سوریا بتوانن لە رێگەی گفتوگۆوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

ئەمەش بزانە: لە بەشیکی تری کۆبونەوەکە قسە لەسەر پڕۆسەی گەشەپێدان و بە تایبەتیش گەشەپێدانی ناوچەیی لە هەرێم کرا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا، ئامانجیانە بە شێوەیەکی هاوسەنگ هەمو شار و ناوچەکانی کوردستان گەشە بکات و داواشیکرد وڵاتی چین لەمبارەیەوە هاوکاری هەرێم بکات.

دواتر: کونسوڵی گشتی چین ئاماژەی بە پەرەپێدانی تواناکان لە هەرێم دا و رایگەیاند، زیاتر لە 500 هاوڵاتی هەرێم سودمەند بون لە بەرنامەی پەرەپێدانی تواناکان و لە داهاتوشدا خولەکانی راهێنان بۆ ئەو مەبەستە بەردەوام دەبێت.

هاوکات: قوباد تاڵەبانی سوپاسی حکومەتی چین و کونسوڵی گشتی ئەو وڵاتەی کرد و وتی: بەردەوامبون لەسەر بەرنامەی پەرەپیدانی تواناکان کاریگەری باشی دەبێت لەسەر بەهێزتربونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و پەکین.

لە کۆتاییدا: لەبارەی چۆنییەتی بەڕێوەبردنی باشتری سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێم و لەم چوارچێوەیەشدا، کاری هاوبەش و گواستنەوەی ئەزمونی چین بۆ کوردستان بە پێویست زانرا.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا