بابەتە
سەرەکیەکە: قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لە چوارچێوەی رێنماییەکانی حکومەت،
رێگە بە هاوردەکردنی گۆشت و ئاژەڵی زیندو، ماسی دەدرێت.
راگەیەندراوی
فەرمی: قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاویکردەوە: بە سەرپەرشتی ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی و
بە ئامادەبونی لێپرسراوان و نوێنەرانی بەرێوەبەرایەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان،
هەردو لیژنەی دیاریكردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری و لیژنەی دانانی هاوسەنگی
بەرهەمی سەوزە و میوە کۆبونەوەی مانگانەی خۆیان ئەنجامدا.
ئەمەش هەیە: لە کۆبونەوەکەدا، بە گرنگیەوە گفتوگۆ
کرا لەسەر میکانیزمەکانی پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان بەرهەم و بەروبومی ناوخۆیی و
هاوردەکراو، بە جۆرێک کە خواستی هاوڵاتیان و پێداویستی بازار پربکاتەوە، هاوکات
رێگری لە بەرزبونەوەی نرخ بکرێت، و گرنگی زیاتریش بە بەرهەمی ناوخۆیی بدرێت.
چی تر:
لەبارەی بەروبومی ئاژەڵی بچوک لە ناوخۆدا، ئاوات محەمەد، لایەنە پەیوەندیدارەکانی
راسپارد کە رێگری لە بردنە دەرەوەی ئاژەڵی زیندو بکرێت بۆ پارێزگاکانی ناوەراست و
باشوری عێراق، لەبەرئەوەی لە ئێستادا خواستی هاوڵاتیان لە سەر بەکارهێنانی گۆشتی
سور زیادیکردوە ئەم قەدەغەکردنەش دەبێتە هەنگاوێک بۆ رێگریکردن لە بەرزبونەوەی
نرخی گۆشت لە بازاردا.
دەقی
راگەیەندراوەکەی قائیمقامیەتی سلێمانی؛
رێگری لە بردنە دەرەوەی ئاژەڵی زیندوو بۆ پارێزگاکانی ناوەراست و
باشوری عیراق دەکرێت؛
بۆ پرکردنەوەی پێداویستی بازار و خواستی هاوڵاتیان لە پارێزگای
سلێمانی پشت بە مریشک و هێلکەی پرۆژەکانی ناوخۆ دەبەسترێت، هاوردەکردنی سەوزەو
میوەش بەپێی خواست و پێویستی بازار کراوە دەبێت.
بەمەبەستی دانانی هاوسەنگی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری و بەرهەمەکانی
سەوزە و میوە لە پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە ١٣/٣/٣٠٢٥، لە دیوانی
قائیمقامیەت، بە سەرپەرشتی ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی و بە ئامادەبوونی
لێپرسراوان و نوێنەرانی بەرێوەبەرایەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان، هەردوو لیژنەی
دیاریكردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری و لیژنەی دانانی هاوسەنگی بەرهەمی سەوزە و
میوە کۆبونەوەی مانگانەی خۆیان ئەنجامدا.
لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا، بە گرنگیەوە گفتوگۆ کرا لەسەر میکانیزمەکانی
پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان بەرهەم و بەروبومی ناوخۆیی و هاوردەکراودا، بە جۆرێک
کە خواستی هاوڵاتیان و پێداویستی بازار پربکاتەوە، هاوکات رێگری لە بەرزبوونەوەی
نرخ بکرێت، و گرنگی زیاتریش بە بەرهەمی ناوخۆیی بدرێت.
لە کۆبوونەوەی یەکەمدا، بریاردرا بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان
لە پرکردنەوەی پێداویستی بازاردا پشت بە مریشک و هێلکەی پرۆژەکانی ناوخۆ ببەسترێت،
لەبەرئەوەی بەرهەمی پرۆژەکانی ناوخۆی مریشک و هێلکە لە وەرزی بەهاردا بە رێژەیەکی
بەرز بەرهەم دەهێنرێت، هەروەها لە چوارچێوەی بریارو رێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی
کوردستان، رێگە بە هاوردەکردنی گۆشت و ئاژەڵی زیندوو، ماسی دەدرێت و هاوردەکردنیان
لەمانگی سێ دا کراوە دەبێت.
لەبارەی بەروبومی ئاژەڵی بچوک لە ناوخۆدا ئاوات محەمەد لایەنە
پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە رێگری لە بردنە دەرەوەی ئاژەڵی زیندوو بکرێت بۆ
پارێزگاکانی ناوەراست و باشوری عیراق، لەبەرئەوەی لە ئێستادا خواستی هاوڵاتیان لە
سەر بەکارهێنانی گۆشتی سور زیادیکردووە ئەم قەدەغەکردنەش دەبێتە هەنگاوێک بۆ
رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت لە بازاردا.
لە کۆبوونەوەی دووەمدا، باس لەو هەنگاوانە کرا کە پێویستە بگیرێتە بەر
بۆ دانانی هاوسەنگی لە نێوان بەرهەمی سەوزەو میوەی ناوخۆ و هاوردەکراودا کە لەم
وەرزەدا بەرهەمەکانی ناوخۆ بەتەواوەتی پێ نەگەیشتوون بۆیە رێگە دەدرێت هاوردەکردنی
چەند جۆرێک سەوزەو میوە بە پێی پێویست کراوە بێت بە مەرجێک بەشێوەیەکی تەندروست و
لەژێر چاودێریدا هاوردە بکرێت.
لەکۆتایی کۆبوونەوەی دووەمدا قائیمقامی سلێمانی جەختی لەسەر قەدەغەی
هاوردەکردن و ساغکردنەوەی فاسۆلیای تەر کرد، کە لە ئێستا بەهۆی بڵاوبونەوەی جۆرە
نەخۆشیەک تێیدا هاوردەکردنی راگیراوە، هەر بۆیە لیژنەهاوبەشەکانی راسپارد لە هەر
شوێنێکی میوە فرۆشیدا بینرا دەسبەجێ دەستی بەسەردا بگرن و لەناوی ببەن.