بابەتە
سەرەکییەکە: سەرۆک کۆماری عێراق پەیامێکی بەبۆنەی ساڵیادی کیمیایی بارانکردنی هەڵەبجە
بڵاوکردەوە رایگەیاند، تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە سەلمێنەری ئەو ستەمەیە كە
رژێمی بەعس بەرانبەر گەلی كورد ئەنجامیدا.
راگەیەندراوی
فەرمی: لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق لە پەیامەکەیدا ئەوەشی راگەیاند، "ئەم
تاوانە دڕندانەیە، کە بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی هەزاران منداڵ و ژن و پیر
و لەناوبردنی چەندین گوندی کوردنشین، دەربڕی ئەو ستەمەیە کە رژێمی لەناوچووی پێشوو
دژ بە هاوڵاتیانی کورد بە تایبەتی و گەلی عێراق بە گشتیی ئەنجامی داوە".
ئەوەشی وت: "تراژیدیای
شاری هەڵەبجە ئەمڕۆ داوامان لێدەکات بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێین بۆ چەسپاندنی ئەزموونی
دیموکراسی لە وڵاتەکەماندا و داواکردن لە
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکە کۆکوژیە قەدەغەکراوە نێودەوڵەتییەوە
و راگرتنی جەنگ و ململانێکان و چەسپاندنی سەقامگیری ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکە و جیهاندا".
هاوکات: لەتیف رەشید
دەشڵێت، "بەرپرسیارێتی نیشتمانی و مرۆییمان داوامان لێدەکات کەهانی لایەنە پەیوەندیدارەکان
بدەین پەلە بکەن لە گۆڕینی هەڵەبجە بۆ پارێزگا و هەنگاوە یاساییەکانی لە ئەنجومەنی
نوێنەران تەواو بکەن، بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافە بۆ شارەکە و بەرجەستەکردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی
کە پێویستیان پێیەتی و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان لەبەرامبەر ئەو زیانانەی
کە هێشتا بەدەستیانەوە دەناڵێنن".