پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی لە
راگەیەندراوێکدا سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە گوایە مامۆستا "دانەر
کەریم" بەهۆی بایکۆتەوە لە کارەکەی دوورخراوەتەوە و راشیگەیاند، ئەو
مامۆستایە بەهۆی پابەندنەبوون بە دەوامی فەرمییەوە لە کارەکەی دوورخراوەتەوە.
بە گوێرەی نووسراوێکی پەروەردەی رۆژئاوای
سلێمانی کە واژۆی بکر محەمەد بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای لەسەرە تیایدا
هاتووە:" مامۆستا ( دانەر کریم اسماعیل) پسپۆڕی ( هونەر) لەباخچەی منداڵانی (
تەرزە)، ٨٢ رۆژ بەبێ هۆ لە دەوامی فەرمی دابڕاوە، لە کاتێکدا لەو ماوانەی کە لە
دەوام دابڕاوە هیچ هۆکارێک و بایکۆتێک لەئارادا نەبووە، بەوهۆیەشەوە بەپێی رێنمایی
و یاسا بەرکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکارەکەی دوورخراوەتەوە".
مامۆستا دانەر پێشتریش لەکارەکەی دوورخراوەتەوە
ئاماژە بەوەشکراوە:" ئەو مامۆستایە
پێشتریش لە ساڵی ٢٠٠٥ بەهۆی پابەندنەبوون بە دەوامی فەرمی لەکارەکەی دوورخراوەتەوە،
بەبێ ئەوەی لەو کاتەدا هیچ بایکۆت و هۆکارێک هەبووبێت بۆ دابڕان لە دەوامی
فەرمی".
ئەوەشخراوەتەڕوو:" ئەو مامۆستایە
لەمیانەی دابڕانەکانی لە دەوامی فەرمی، تەنیا ئەو رۆژانەی مووچە دابەشکراوە
سەردانی باخچەکەی کردووە و پاش وەرگرتنی مووچەکەشی باخچەکەی بەجێهێشتووە".