لە میانەی کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی
بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، پێشهاتەکان وا دەخوازێت کە هەمووان پەرۆشی یەکڕیزی
نیشتمانی بن.
ئەمڕۆ سێشەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی
یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە ئامادەبوونی دەرباز کۆسرەت رەسوڵ کارگێڕی مەکتەبی
سیاسی و خالید شوانی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی ناوبراو، لە بەغدا لەگەڵ
سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبووەوە.
هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار
لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی بیروبۆچوون لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی لە
عێراق و پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق کرا و هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە پەلە
بکرێت لە پێکھێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و نیشتمانی کە رەنگدانەوەی واقیعی سیاسی
و خواستی ئەمڕۆی ھاووڵاتیانی عێراق بێت.
هاوکات لە کۆبوونەوەکدا دووپاتی چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای
دەستوور کرایەوە و پەنابردن بۆ گفتوگۆ و دیالۆگی بونیادنەرانە بە ھەنگاوێکی ئەرێنی
دانرا لەپێناو سەقامگیری سیاسی، ئابووری و ئەمنی لە وڵاتدا.
گۆڕانکارییەکان وادەخوازێت ھەموومان پەرۆشی یەکڕیزی نیشتمانی بین و لە خەمی خەڵک و ئارامی سیاسی ھەنگاوی کرداری بنێین
هەر لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی
رایگەیاند:" پێشھاتەکان و گۆڕانکارییەکان وادەخوازێت ھەموومان پەرۆشی یەکڕیزی
نیشتمانی بین و لە خەمی خەڵک و ئارامی سیاسی ھەنگاوی کرداری بنێین لەپێناو گەیشتن
بە چارەسەری نیشتمانی".