ئەندامێکی لیژنەی باڵای بەستنی پێوەری زیرەک ئاشکرایکردم لە رێگەی سیستەمێک و پێدانی کارەبا بە کارت، حکومەتی هەرێم هەوڵدەدات کارەبای ٢٤کاتژمێری بۆ هەرێمی کوردستان دابینبکات.
عەلی ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی باڵای بەستنی پێوەری زیرەك رایگەیاند:"حكومەتی ھەرێم ھەوڵدەدات لەڕێگەی سیستمی (پریپەیمێنت)ەوە، كارەبای ٢٤ كاتژمێری بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دابین بکات".
ئەوەشی خستەڕوو:" سیستەمەکە، بەشێكە لە پێوەری زیرەك و لە ئێستادا وەك تاقیکردنەوە لەبازاڕی لەنگەی شاری ھەولێر بۆ ھەزار و ٥٠٠ هاوبەش جێگیرکراوە، بەهۆیەشەوە وزەی ونبوو چوار بۆ پێنج هێندە کەمبووەتەوە، هەروەها بەهۆیەوە کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ بازاڕەکە بە ڤۆڵتییەکی جێگیر دابینکراوە".
سەبارەت بە کارپێکردنی ئەو سیستەمە لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان باسیلەوەشکرد:" لە شاری دھۆك دەست بەدانانی سیستەمەکە كراوە و سیستمەكە لەتاقیكردنەوە دەرچووە و ئامادەیە و پێشكەشی وەزارەتی كارەباش كراوە بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەربدەن".
لەبارەی نرخی کارەبا لە سیستەمە نوێیەکەدا عەلی ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی باڵای بەستنی پێوەری زیرەك روونیشیکردەوە:" نرخی كارەبا هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردانەهاتووە، تەنیا شێوازی پارەدانەکەی گۆڕاوە".