بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردنی پێنج کەسی لە ناحەی سیتەک راگەیاند، کە هەوڵیاندەدا بە نایاسایی لە موڵکی گشتیدا خانوو دروستبکەن.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد:" دواى ئاگاداربوون لەوەى لەناو ناحیەى سیتەک پارچە زەویەک کە موڵکى گشتىییە و بەئامێرى شۆفڵ تەخت دەکرێت و بەنایاسایی هەوڵ ئەدرێـت خانووى تێدا دروست بکرێـت، مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستانی سیتەک چوونە شوێنی سەرپێچییەکە و سەرپێچییەکەیان راگرت".
ئەوەشی خستەڕوو:" مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستانی سیتەک توانیان لە شوێنی سەرپێچییەکە پێنج کەسی سەرپێچیکار دەستگیربکەن، هەروەها دەستبگرن بەسەر دوو حەفارەدا کە لەسەر پارچە زەوییەکە سەرپێچی پێدەکرا".
راشیگەیاند:" لە ئێستادا پەڕاوەی لێکۆڵینەوە بۆ دەستگیرکراوەکان رێکخراوە و رادەستی دادوەر کراوە بۆ گرتنەبەری رێککاری یاسایی بەرامبەریان".