نرخی نەوتی سپی ماڵان زیاتر دادەبەزێت

کوردستان 18/10/2022

لەلایەن: lawan

Alternate Text

وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت رایگەیاند، بەهۆی کڕینی نەوت لە دەرەوەی هەرێم، نرخی نەوت لە ناوخۆدا دابەزیووە و بە دابەشکردنیشی نرخەکەی زیاتر دادەبەزێت.
کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان، کە بڕیارە رۆژی ئەم مانگە دەستبکرێت بە دابەشکردنی بڵاویکردەوە:"بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی، هەرێمی کوردستانمان بەسەر سێ ناوچە دابەشکردووە، کە بریتیین لە ناوچە شاخاوییەکان ٣٢٠ هەزار خێزان، ناوچەکانی دەوروبەر ٣٤٠ بۆ ٣٤٥ هەزار خێزان، سەنتەری شارەکان ٦٢٥ هەزار خێزان و ئەمەش بەگشتی دەکاتە یەک ملیۆن و ٢٥٧ هەزار خێزان، بۆ ئەو مەبەستەش حکومەتی هەرێم ٧٠ ملیار دیناری تەرخانکردووە".
ئەوەشی خستەڕوو:" بە شێوەی تەندەر ٣٢٠ هەزار بەرمیل بە نرخی ٢٨٤ هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک دابیندەکرێت، کە پاڵپشتیی حکومەت بۆ هەر بەرمیلێک دەگاتە ٪٦٥  و هاوڵاتییان تەنیا لە ٪٣٥ نرخەکەی دەدەن".
راشیگەیاند:" وا بڕیارە حکومەتی عێراق لە سەرەتای مانگی داهاتوو(تشرینی دووەم) ٢٥٧ هەزار بەرمیلی نەوت بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەگەر ئەو بڕە بنێرێت هەمان بڕ بە هەمان نرخی هاتوو بە هاوڵاتییان دەدرێت".
کەمال محەممەد ساڵح دەشڵێت:"  بە کڕینی نەوت لە دەرەوەی هەرێم نرخی نەوت لە ناوخۆدا دابەزیوە و بەدابەشکردنی زیاتر دادەبەزێت".
ئاماژەی بەوەشكرد:" ئەگەر حکومەتی هەرێم نەوت لە دەرەوەی هەرێم نەکڕیایە، ئەوا نرخەکەی لە ناوخۆدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەردەبوویەوە".
ئەمەش لەدوای ئەوەدێت، لە ماوەی رابردوودا نرخی یەک بەرمیل نەوتی سپی ماڵان گەیشتبووە نزیکەی ٢٨٠ هەزار دینار، بەڵام دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم رایگەیاند دەستدەکرێت بە دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان بەسەر هاوڵاتییاندا، نرخی نەوتەکە بۆ نزیکەی ٢٤٠ هەزار دینار دابەزی.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا