ئەمەریکا لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی کوژرانی شیرین ئەبو عاقیلە دەکات

جیهان 15/11/2022

لەلایەن: هەردی فارووق

Alternate Text

وەزارەتی دادی ئەمەریکا بڕیاریداوە بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لەلایەن نوسینگەی لێکۆڵینەوە فیدڕاڵییەوە لە دۆسیەی کوشتنی شیرین ئەبو عاقیلە، پەیامنێری کەناڵی ئەلجەزیرە کە لە مانگی ئایاردا لەکاتی روماڵی شەڕی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل کوژرا.

شیرین کە بە رەچەڵەک فەڵەستینییە و خاوەنی رەگەزنامەی ئەمەریکیشە، لە ١١ی ئایاری ئەمساڵدا لەکاتی روماڵی هەڵکوتانە سەر کەمپی جێنین لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بە تەقەی راستەوخۆ کوژرا، ئێستا و دوای زیاتر لە شەش مانگ ئەمەریکا بڕیاریداوە بە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کوژرانی و ئایا بە مەبەست بەئامانج گیراوە یاخود نا.

لەو بارەیەوە، ماڵپەڕی ئاکسیۆسی ئەمەریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە پشتڕاستی کردووەتەوە کە وەزارەتی دادی ئەمریکا ئاگاداری داوەتە وەزارەتی دادی ئیسرائیل کە هەڵستاون بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لە دۆسیەی کوژرانی ئەو پەیامنێرەدا.

هەروەها ئاماژەی بەوەداوە کە بەرپرسانی ئیسرائیل لە وەڵامدا وتوویانە ئەم لێکۆڵینەوە هیچ گرنگییەکی نییە و هەڵەیەکی گەورەیە، ئیسرائیل بە تەواوەتی هەموو هەماهەنگییەک رەتدەکاتەوە، لەوانەیە لێکۆڵینەوەکە ببێتە هۆی ئەوەی کە ئەمەریکا راستەوخۆ لێکۆڵینەوە لەو سەربازانە بکات کە بەشداری ئۆپەراسیۆنەکە بوون، ئەمە داوایەکە کە بە دڵنیاییەوە ئیسرائیل رەتی دەکاتەوە، چونکە دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیدارەی بایدن و حکومەتی ئیسرائیل بەرەو ئاڵۆزی هەنگاوبنێن.

لێکۆڵینەوەکەی FBIی ئەمەریکا دوای فشاری خانەوادەی شیرین ئەبو عاقیلە و دەیان ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا دێت، کە بەردەوام داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆیان کردووە.

شایەنی باسە، شیرین ئەبو عاقیلە کە پەیامنێری کەناڵی ئەلجەزیرە بوو لە ئیسرائیل، رۆژی ١١ی ئایاری ئەمساڵ لە کاتێکدا رووماڵی هێرشی سوپای ئیسرائیلی دەکرد بۆسەر کەمپی جێنین، تەقەی لێکرا و لەبەردەم تۆماری کامێراکاندا کوژرا، کە ئەوکات کاردانەوەی جیهانی لێکەوتەوە.

 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا