"هۆکارێکی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار راگرتنی نەوتی هەرێمە"

ئابوری 08/05/2023

Alternate Text

شارەزایەکی ئابووری رایگەیاند، هۆکارێکی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستانە.

ئەمڕۆ دووشەممە، نەبیل جەبار تەمیمی شارەزای ئابووری عێراقی لە لێدوانێکدا رایگەیاند:" سێ هۆکار لە پشت دووبارە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارن، کە یەکێکیان فشارەکانی بانکی ناوەندییە لەسەر کارتی بانکی ئەلیکترۆنی، کە ماوەیەکە بۆ حەواڵەکردنی پارە بۆ دەرەوەی وڵات بەبێ هیچ میکانیزمێک بەکاردەهێندرێت، فشار و راگرتنی کارکردن بەو کارتانەش قەیرانی لە حەواڵەدا درووستکردووە و لە ئەنجامدا خواست لەسەر دۆلار زیادیکردووە".

لەبارەی هۆکاری دووەم وتی:: هێشتا ئەو برە پارەیە حەواڵەدەکرێت لە رێگەی دەرچەکانی فرۆشتنی دۆلارەوە لە سنووری ١٥٠ ملیۆن دۆلاری رۆژانەدایە، کە ئەمە نزیکەی ٧٥٪ی کۆی خواستی راستەقینەیە، پێویستە لەسەر بانکی ناوەندی کە پڕۆسەکە فراوانتر بکات بۆ ئەوەی ئەو ٢٥٪ی خواست کە ماوەتەوە پڕبکرێتەوە".

نەبیل جەبار تەمیمی هۆکاری سێیەمی ئاشكراکرد و رایگەیاند:" لەوانەیە هۆکاری سێیەم کاریگەرییەکانی راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بێت، لە ساڵانی رابردوودا ئەو دۆلارەی لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە بەرهەم دەهات راستەوخۆ و بەبێ چوونە بانکی ناوەندی دەخرایە بازاڕەکانەوە، ئەمساڵ کە هەناردەی نەوتی هەرێم راگیراوە لەوانەیە هۆکارێک بێت بۆ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار".

ئەمە لە کاتێکدایە، لە مانگی رابردوودا نرخی دۆلار بۆ نزمترین ئاستی سێ ساڵی رابردوو دابەزی کە نزیکەی ١٤١ هەزار دینار بوو بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک، بەڵام ماوەیەکە دووبارە نرخەکان روویان لە بەرزبوونەوە کردووە و ئەمڕۆ لەکاتی داخستنی بازاڕەکاندا بەهای ١٠٠ دۆلاری ئەمەریکی ١٤٥ هەزار و ٢٠٠ دینار بوو.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا