قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، ئەم هەڵبژاردنەی كەركوك هەڵبژاردنێكی چارەنووسسازە و دەبێت دەنگەكان نەفەوتێن بۆ ئەوەی كەركوك لەو نادادییەی هەیە رزگار بكرێت.
قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال لە لێدوانێكدا لە میانەی بەڕێوەچوونی ناساندنی كاندیدەكانی هاوپەیمانی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، لە کەرکوک رایگەیاند:" پاش ئەم هەڵبژاردنە بە پاڵپشتی ئەو جەماوەرە بە ئەمەكە و بە پاڵپشتی كاندیدە بەهێزەكانمان پۆستی پارێزگاری كەركوك وەردەگرینەوە".
وتیشی:" دەمانەوێت ئەو غەدرەی لە كوردان و هاوڵاتیانی كەركوك كراوە راستی بكەینەوە، بەو ئیرادەیەی كە هەیە بەو هێزەی كە هەمانە بەو توانای كادیرە باشانەی كە هەمانە بەدڵنیاییەوە سەركەوتوودەبین".
لە پەیامێكیشیدا بۆ هاوڵاتیانی كەركوك، قوباد تاڵەبانی جەختی لەوەکردەوە:" پەیامی من بۆ خەڵكی بەشەرەفی كەركوك ئەوەیە، ئەم دەنگدانە چارەنووسسازە و دەبێت بچینە سەر سندوقەكانی دەنگدان و نەهێڵین دەنگی هیچ تاكێكی ئازاد بەفیڕۆ بچێت و لە رێگەی هاپەیمانێتییەكەمانەوە ئەو نادادییەی لە كەركوك هەیە كۆتایی پێبهێندرێت".
جەختی لەوەشكردەوە:" بە پاڵپشتی هەمووان، جارێكی دیكە دەسەڵاتی كورد بۆ پارێزگای كەركوك دەگێڕینەوە".