لەبارەی سكاڵایەكی یەكێتییەوە؛ دادگای فیدڕاڵی بڕیاریدا

عێراق 19/11/2023

لەلایەن: زامۆ بەکر

Alternate Text

لەبارەی سكاڵایەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە پەیوەستە بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە، دادگای فیدراڵی بۆ جارێكی دیكە دانیشتنەكەی دواخست.
بڕیاربوو ئەمڕۆ یەكشەممە دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی سكاڵایەكی یەكێتیەوە دانیشتنێك بەڕێوەببات،  دانیشتنەكەش تابەت بوو بە سكاڵاكەی یەكێتی لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەسەر ماددەكانی (1-9-15-22-36)ی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام دادگا بڕیاریدا دانیشتناكە دوابخات".

یەكێتی لەرێگای ئەم سكاڵایەوە، دەیەوێت بۆ هەڵبژاردنی 25ی شوباتی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، كار بە یاسای ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستانی عێراق بكرێت، كە ساڵی 1992 لەلایەن بەرەی كوردستانییەوە دەركراوە.
هەروەها، ئەگەر دادگا سكاڵاكە لەبەرژەوەندی یەكێتی یەكلایی بكاتەوە، ئەوە دەبێت دادوەرەكان سەرپەرشتی پرۆسەی هەڵبژاردنەكەی هەرێم بكەن لەبری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، هەروەها (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانیش هەڵدەوەشێتەوە‌ و تەنیا پێنج كورسی "كۆتا" بۆ مەسیحییەكان دەمێنێتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە، بەپێی یاسای ئەنجومەنی نیشتمانی، شێوازی هەڵبژاردنی كوردستان لە یەك بازنەییەوە دەگۆڕێت بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا