بە مەبەستی گفتوگۆکردن سەبارەت
بە چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرتی غەززە، چەند وەزیرێکی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی
بەرەو چین بەڕێکەوتن.
میدیا عەرەبییەکان
بڵاویانکردەوە:" شاندێک لە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی بەرەو چین
بەڕێکەوتوون بە هیوای دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی مرۆیی غەززە".
ئاماژەیان
بەوەشکرد:" ئەو شاندەی کە بەرەو چین بەڕێکەوتوون پێکهاتووە لە وەزیرانی دەرەوەی
ئوردن، ئیندۆنیزیا، سعودییە، میسر، بەرپرسانی فەڵەستین و سەرۆکی رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی".
هاوکات نوێنەری وەزارەتی
دەرەوەی چین ئاشکرایکرد، لە گەشتەکەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی بۆ وڵاتەکەی
گفتوگۆی قوڵ لەبارەی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە غەززە و پاراستنی خەڵکی سڤیل و
چارەسەرکردنی کێشەکان دەکرێت.
شایەنی باسە چین یەکێک
لەو وڵاتانەی لەدوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیلەوە
داوای راگەیاندنی ئاگربەستی کردووە و جەختیلەوەشکردووەتەوە، هەرکارێک بۆ
گەڕاندنەوەی ئاشتی گونجاوبێت ئامادەیە ئەنجامی بدات.