لەسەر حاڵەتێك كە تائێستا بە تەواوەتی هۆكارەكەی بە نەزانراوی ماوەتەوە پزیشكێكی پسپۆڕ لە نەخۆشییەكانی ژنان، منداڵبوون و نەزۆكی روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە.
كەژان كاوە تەها، پزیشكی پسپۆڕ لە نەخۆشییەكانی ژنان، منداڵبوون و نەزۆكی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" بە نزیكەیی نیوەی خانمان دووچاری ئازاری ماسولكەی قاچ لە ماوەی دووگیانیدا دەبنەوە".
ئاماژەی بەوەشكردووە:" ئەم حاڵەتە بریتییە لە گرژبوونی توندی خۆنەویستانەی ماسولكەكانی قاچ یان پێ یان هەردووكیان".
روونیشیكردووەتەوە:" تا ئێستا هۆكارەكەی بەتەواوەتی روون نییە، بەڵام گۆڕانكاری لە سوڕی خوێن، زیاد بوونی كێش لەماوەی دووگیانی، گەورەبوونی مناڵدان و كۆرپە كە لەوانەیە فشار لەسەر ئەو دەمارانە دروست بكا كە بۆ قاچ ئەچن و هەموو ئەمانە ڕۆڵیان هەیە لە دروستبوونی ئەم حاڵەتەدا".
چۆن بتوانین خۆمان لەم حاڵەتە بپارێزین:-
- وەرزش كردنی ڕێك.
- لەكاتی تووشبوون بە ئازارەكە هەوڵبدە بە هێواشی قاچت ڕابكێشیت.
- بڕێكی باش ئاو بخۆرەوە.
- مەساجكردن و شێلانی قاچ و پێیەكان.
- بەكارهێنانی سەهۆڵ بۆ كەم كردنەوەی ئازارەكەی.