بەختیار عەلی خەڵاتی هێلدا دۆمینی پێبەخشرا

هەمەرەنگ 14/03/2024

لەلایەن: رێبەند نەسرەدین

Alternate Text

خەڵاتی هێلدا دۆمین بۆ ساڵی 2023 لە مەراسیمێکدا و لە یەکێک لە شارەکانی ئەڵمانیا بەخشرایە بەختیار عەلی.
هەژماری فەرمی بەختیار عەلی نووسەری کورد لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە:" لە شاری راتهاوسی شاری هایدلبێرگ و لە مەراسیمێکدا، خەڵاتی هێلدا دۆمین بەخشرایە بەختیار عەلی نووسەر و شاعیری کورد".
خەڵاتی هێلدا دۆمین سێ ساڵ جارێک دەبەخشرێتە نووسەرێکی تاراوگە کە لە ئەڵمانیا سەرقاڵی نووسینی بابەتی ئەدەبین.
هێلدا دۆمین لە 27ی تەمموزی 1912 لەدایکبووە و لە 22ی شوباتی 2006 کۆچی دوایی کردووە، هێلدا یەکێکە لە بەناوبانگترین شاعیرەکانی سەدەی رابردووی ئەڵمانیا و خەڵاتەکە بە ناوی ئەوەوە نراوە، هەروەها لەلایەن دامەزراوەیەکەوە دابین دەکرێت کە هەمان ناوی هەیە.
پێشتر و لە 21ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، لیژنەی دادوەری تایبەت بە خەڵاتی هێلدا دۆمین لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە بە بەختیار عەلییان راگەیاندبوو کە بووەتە براوەی خەلاتی هێلدا دۆمین بۆ ساڵی 2023.
شایەنی باسە دوای خەڵاتی نیلی زاکس، ئەمە بە دووەمین خەڵاتی گرنگ دادەنرێت کە نووسەرە کوردەکە توانیویەتی بەدەستیبهێنێت.
بەختیار عەلی لە ١٩٦٠ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و لە کۆتاییەکانی سەدەی رابردوو هەرێمی کوردستانی بەجێهێشتووە و روویکردووەتە سوریا و دواتریش بۆ ئەڵمانیا، لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا لەو وڵاتە نیشتەجێیە.
 یەکەم بەرهەمی بڵاوکراوەی ئەدەبی بەختیار عەلی قەسیدەی نیشتمان بوو لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو، یەکەم رۆمانیشی بە ناوی مەرگی تاقانەی دووەم لە ساڵی ١٩٩٧ بڵاوکردەوە، ساڵی دواتریش بە نووسین و بڵاوکردنەوەی رۆمانی ئێوارەی پەروانە، توانی ناوبانگێکی زۆر پەیدا بکات.
 بەختیار عەلی خاوەنی دەیان بەرهەمی رۆمان و فیکری و شیعری و چەند شانۆنامەیەکە، کە دیارترین بەرهەمەکانی بریتین لە (دواهەمین هەناری دونیا، کۆشکی باڵندە غەمگینەکان، جەمشید خانی مامم کە هەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەیبرد، شاری مۆسیقارە سپییەکان، کەشتی فریشتەکان، ئەی بەندەری دۆست ئەی کەشتی دوژمن و تا ماتەمی گوڵ تا خوێنی فریشتە).

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا