پاش راپۆرتێكی بی ئێم سی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی بەخشراوان قەدەغەكرا

کوردستان 03/04/2024

لەلایەن: محەمەد سەردار

Alternate Text

دەستەی مافی مرۆڤ رایگەیاند، لەمەودوا هەر کەسێک وێنە و ڤیدیۆی کەسانی بەخشراو بۆ کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنت لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکاتەوە رێککاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر، ئەم بڕیارەش دوای چەند رۆژێک لە راپۆرتێکی بی ئێم سی لەسەر ئەو بابەتە دێت.

دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئەوەی له ڕێگەی نوسراوی فەرمی داوایان لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی کرد ڕێککاری یاسایی بگرێتە بەر بەرامبەر ئەو کەسانەی بۆ بەدەستهێنانی لایک و کۆمێنت و ژمارەی بینەر و سودی دارایی لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کەسانی بەخشراو و خاوەن پێداویستی تایبەت بەکاردێنن و ڤیدیۆیان پێ دەکەن و گاڵتەیان پێ دەکەن، ئەو کارە قەدەغە کرا.

نوسراوی فەرمی بۆ سەرجەم فەرمانگەکانی داواکاری گشتی کراوە

ئەوەشی خستەڕوو، سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێم نوسراوی فەرمی گشتاندنیان بۆ سەرجەم فەرمانگەکانی داواکاری گشتی کردووە لە شارەکان بۆ ئەنجامدان و گرتنەبەری رێککاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەو کارانە هەڵدەستن.

ئەو چینە زیاتر پێویستیان بە چاودێری و رەچاوکردن هەیە

دەستەی مافی مرۆڤ دەڵێت:" ئەو کارە پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤە بەگشتی و دوورە لە بەها و عورفی کۆمەڵگە، لە کاتێکدا ئەو چینەی ناو کۆمەڵگە زیاتر پێویستیان بە چاودێری و رەچاوکردن هەیە، نەوەک بەو شێوە بەکارهێنانیان ".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا