دەربارەی ئەو كێشانەی رووبەڕووی منداڵی شیرەخۆرە دەبێتەوە بەهۆی كێشە لە چاوەكانیدا، پزیشكێكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی چاو و نەشتەرگەرییەكانی چاو زانیاری دەخاتەڕوو.
میران حەسەن، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی چاو و نەشتەرگەرییەكانی چاو لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" بەشێكی زۆری دایك و باوكان كێشەیان هەیە لە زانینی ئەوەی منداڵەكەیان كێشەی لە چاوەكانیدا هەیە و چەند رێگایەك هەیە بۆ ئەگەری زانینی ئەوەی بەشێك لەو كێشە تەندروستیانەی رووبەڕووی منداڵەكەت دەبێتەوە پەیوەستە بە كێشەی چاوەكانییەوە".
چەند رێگایەك بۆ زانینی ئەوەی منداڵە شیرەخۆرەكەمان كێشەی لە چاوەكانیدا هەیە:
- هەردوو چاو یان یەك چاوی منداڵەكە دەسووڕێتەوە بەرەو ناوەوە و یاخوود دەرەوە.
- چاوی منداڵەكەت بەدوای یاری ناكەوێت و تەركیزی لەسەر جوڵەكەی نیە كە لەبەردەمیدا دەجوڵێت لە لایەكەوە بۆ لایەكی دیكە.
- وادەردەكەوێت چاوی منداڵەكەت زۆر هەڵبەز و دابەز بكات.
- وادەردەكەوێت منداڵەكەت بە بەردەوامی سەری لار دەكاتەوە كاتێك سەیری شتەكان دەكات.
- نیشانەی داخستنی بۆڕیەكانی فرمێسك یان هەوكردنی لەسەر دەردەكەوێت، یەكەم نیشانانەش فرمێسكی بەردەوامی لە خۆدەگرێت لەگەڵ سووربوونەوەی و چیق (ڕیپۆق) كردن كە بۆ چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت.
- هەبوونی هەستیاری زۆر و داخستنی چاو بەرامبەر ڕووناكی.
- زۆر گەورەبوون و تەمبوونی ڕەشێنەی چاو، یاخوت هەبوونی تەنێكی سپی لە ناو بیلبیلە چاوی.