چی روویدا: لەماوەی چەند رۆژی رابردوو لە عێراقەوە دوو هێرش لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە ئاڕاستەی ئیسرائیل کرا.
راگەیەندراوی فەرمی: بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی عێراقی لە راگەیەندراوێکیاندا هێرشەکانی رابردوویان بۆسەر ئیسرائیل گرتە ئەستۆی خۆیان و رایانگەیاند ئەو مووشەکانەی ئاڕاستەی ئەو وڵاتە کراون لە جۆری ئەلئەرقەب بووە کە ناسراوە بە مووشەکی کروزى پێشکەوتوو.
زیاتر: راشیانگەیاندووە یەکەم هێرشیان بۆسەر باکورى حەیفا و دووەمیشیان لە باشورى شارەکە ئەنجامداوەو هێرشەکانیان بەشێوەیەکی بەردەوام درێژەی دەبێت.
ئەمەش هەیە: رۆژى پێنجشەممەی رابردوو بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی عێراقی هێرشێکیان بۆسەر ئیسرائیل ئەنجامدا لەڕێگەی درۆنەوە، لەئەنجامدا بووەهۆى کوژرانى دوو سەرباز و برینداربونى 23ى دیکە.