بابەتە سەرەکیەکە: دەستەی
پەخشی ئیسرائیل رەشنووسی رێککەوتنی ئاگربەستی لوبنانی بڵاوکردەوە، کە بە
سەرۆکایەتیی نێردەی ئەمریکا بۆ ئاگربەست لە لوبنان سەرپەرشتی دەکرێت.
ئەوەی
پێویستە بیزانیت: بە گوێرەی ئەوەی دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردوەتەوە چاوەڕوان
دەکرێت رێککەوتنەکە بەمزوانە تەواو بکرێت و ئەمریکا دەیەوێت پێش وادەی بەڕێوەچوونی
هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆتایی پێبهێنرێت.
ئەمەش
هەیە: دەستەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە ئامۆس هۆکستن نێردەی ئەمریکا بۆ ئاگربەست، سەردانی ئیسرائیل بکات بۆ کۆتاییهێنان بە وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە.
زیاتر: لە زاری بەرپرسانی باڵای ئیسرائیلەوە بڵاویکردوەتەوە کە چانسی سەرکەوتنی
پڕۆژەکە لەسەر ئاستی سیاسی زۆرە.
بە
گوێرەی رەشنووسەکەی دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردوەتەوە خاڵەکانی لەمانە پێکدێن؛
-
حکومەتی لوبنان سەرپەرشتی فرۆشتنی چەک دەکات.
-
سوپای لوبنان تاکە هێزی چەکدار دەبێت لە باشوور و بە درێژای سنورەکان بڵاوەی
پێدەکرێت.
-
حکومەتی لوبنان دەسەڵاتی پێویست دەداتە هێزەکانی لوبنان بۆ سەرپەرشتیکردنی هاتنی
چەک لە سنووری وڵاتەکە.
- ماوەی
60 رۆژ مۆڵەت دەدرێت بە حکومەتی لوبنان تا سەرجەم گروپە چەکدارەکانی چەک بکات.
- دەبێت
ئیسرائیل لەماوەی هەفتەیەکدا هێزەکانی لە باشووری لوبنان بکشێنێتەوە و سوپای
لوبنان جێگەیان بگرێتەوە و کشانەوەکەش لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی دیکەوە
سەرپەرشتیدەکرێت.
- لە
ئەگەری پێشێلکردنی رێککەوتننامەکەدا، سوپای ئیسرائیل دەستکراوە دەبێت بۆ
ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەکانی لە خاکی لوبناندا.