بابەتە سەرەکییەکە: بافڵ
جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ئەلبرێشت
فۆن ڤیتکە کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
راگەیەندراوی فەرمی: نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی یەکێتی بڵاویکردەوە:
لە کۆبونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند: ئێمە ناکۆکی و لێکترازان
بەهەمووشێوەیەک رەتدەکەینەوە و ئامانجمان ئاشتی و پێکەوەژیانە.
دەقی راگەیەندراوەکەی نوسینگەی سەرۆکی یەکێتی:
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان
پێشوازیی لە ئەلبرێشت فۆن ڤیتکە، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان، عیراق و رۆژهەڵاتی
ناوەڕاست گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و بەردەوامیی هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان
سەرجەم لایەنەکان لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە
جەختیلێکرایەوە.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان
ئاماژەی بەوەکرد، وڵاتەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و پێویستە هەموولایەک
کار بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئاوەدانی لە ناوچەکە بکەن. دەبێت لە سووریای نوێدا مافی
هەموولایەک بەتایبەت گەلی کورد پارێزراوبێت و هاوبەشێکی راستەقینەبێت لە
بەڕێوەبردنی وڵاتەکەدا.
لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی نوێوە، سەرۆک بافڵ
رایگەیاند، هەڵوێستی ئێمە لەبارەی حکومەتی نوێوە روونە و نامانەوێت جارێکیتر
هەڵەکانی رابردوو دووبارەبکرێنەوە، دەبێت حکومەتی داهاتوو دادپەروەرانە و دوور لە
هەموو بیرکردنەوەیەکی حزبی کار بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات و خزمەتیان بکات.
ئێمە ناکۆکی و لێکترازان بەهەمووشێوەیەک رەتدەکەینەوە و ئامانجمان ئاشتی و
پێکەوەژیانە، بەڵام بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵک و وەڵامدانەوەی داواکارییە
رەواکانیان بە ئەرکی خۆمان دەزانین. بۆیە هیوادارین هەموولایەنەکانیتریش بەم
نییەتەوە هەنگاوبنێن و پێکەوە هەرێمەکان بەرەو ئاوەدانی و سەقامگیری ئاڕاستە بکەین.
لەبارەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەوە سەرۆک بافڵ ئاماژەی بە پشتیوانی
و هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و رایگەیاند،
یەکخستنەوەی پێشمەرگە پرۆسەیەکی نیشتمانی و چارەنووسسازە، هیوادارین ئاستەنگە
حزبییەکان نەبنە بەربەست لەبەردەم پرۆسەکە و هەموومان هێزێکی تۆکمە بۆ
کوردستانەکەمان بونیادبنێین